لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتیمانی، بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر ڕازی بووە

لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتیمانی، بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر ڕازی بووە
سەرۆكی لیستی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق، سەلمان جومەیلی، ئاشكرای كرد كە بەشداربووانی كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتیمانی كە وەها بڕیارە لە بەغدا ببەسترێت، ڕێككەوتوون بەوەی كە ڕێككەوتنی هەولێر بە تەواوی جێبەجێ بكەن و كێشەی هاشمی و موتڵەگیش چارە بكرێت.
جومەیلی، لە لیدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی لیژنەكە ئێوارەی دوێنێ، كە پەیامنتێری ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر لێی ئامادە بوو، ڕایگەیاند \"كۆبووەوەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە لیژنەیەك تایبەت بە ئەو بوارە پێك بهێنرێت كە لە لیستی عێراقییە، عەدنان جەنابی، لە هاوپەیمانیی نیشتیمانی، خالید عەتییە و لە هاوپەیمانیی كوردستانیش، د.ڕۆژ نووری شاوەیس تێیدا ئەندامن.\""

ئەو ڕوونی كردەوە \""لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتن بەوەی كە كێشەی جێگری سەرۆككۆمار، تاریق هاشمی و جێگری سەورۆكوەزیرانی عێراق، ساڵح موتڵەگ چارە بكرێت. هاوكات بابەتی دەستگیركردن كە هەندێ ناوچەی گرتووەتەوە یەكاڵا بكرێتەوە.\""

جومەیلی جەختی كردەوە كە لیژنەكە ئەم بەیانییە كۆ دەبێتەوە و هەمووانیش جەختیان كردووەتەوە كە دەبێت كۆنگرەی نیشتیمانی لە نزیكترین دەرفەتدا ببەسترێت.

ئەو دەشتپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، كە لەپێناو كۆكردنەوەی پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق بە تایبەت لایەنی شیعە و سوننە و چارەكردنی كێشە قووڵەكانی نێوانیان، لە كۆتاییەكانی 2010ـدا هەمووانی كۆ كردەوە و ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشی نیشتیمانی و قەرەبووكردنەوەی لیستی عێراقییەی براوەی هەڵبژاردنەكان بە جێبەجێكردنی داواكانیان، كە هێشتایش جێبەجێ نەكراون؛ سەرەكیترینیان هاوبەشیی لە بڕیاری سیاسی و ئازادكردنی گیراوانی و هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپێچینەوە و دادگەری، پێکهێنانی ئەنجوومەنی ستراتیژی كە ئەیاد عەللاوی سەرۆكایەتی بكات و وەزیری بەرگریش لە عێراقییە بێت.

لایەنی کوردیش لەم کۆنگرەیەدا داواکانی کە لە ١٩ خاڵدا خرابوونە ڕوو پێشکەش کرد و وەها بڕیار بوو کە ئەوانیش جێبەجێ بکرێن. سەرەکیترینی چارەی ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و غاز و ثێشمەرگە بوون."
Top