لێژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق: ناتوانرێ هاشمی لە ناو هەرێمی كوردستان بێتە گرتن
حەسەن جیهاد كە ئەندامی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بەو پێیەی جێگری سەركۆمارە، بۆیە ناتوانرێ پرۆسەی گرتنی تاریق هاشمی كە لەلایە دادگەی عێراق بە تۆمەتی \""تیرۆر\"" داوا كراوە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزێكی لە بەغدا هاتوو ئەنجام بدرێ.
زیاتر گوتی، قسەكردن لەسەر هاتنی هێزێك لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گرتنی هاشمی مومكین نییە و ئاماژەی كرد، یەكلاكردنەوەی فایلی هاشمی لە رێگەی یاسا و دەستووری عێراق و بە بەجێگەیاندنی داواكەی لە گواستنەوەی فایلەكەی لە بەغداوە بۆ كەركووك دەبێ.
دوێنێ یەكشەم وەزارەتی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق نەدراوەتەوە دەستی تا بەدەست بەغدای بداتەوە.
ئەو راگەیاندنەی وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم لە وەڵامی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوەخۆی عێراق هات كە داوای لە وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم كرد هاشمی بگرێ و بیداتەوە دەست دادگە لە بەغدا.
دوای گرتنی چەند پاسەوانێكی تاریق هاشمی و داننانیان بە تێوەگلانی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق لە چەندانی كاری تیرۆریستی، لە كۆتای ساڵی رابردوو هاشمی پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و تۆمەتەكانی رەت كردەوە و دادگەی عێراق فەرمانی گرتنی هاشمی دەركرد و بڕیارە لە ئایار/مایۆی داهاتووی بڕیاری خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاشمی رابگەیەنێ.
"
