(مالیكی) توانیویەتی سەركردایەتیی سوننەكان لێك هەڵوەشێنێت
(ڕەحمان تەل جوكون) بیزنیزمانێكی خانەنشینكراوە لە شارۆچكەی حیلەی شیعەنشین و، دەڵێت \"پاش ئەم كێشانە، خەڵكی زیاتر متمانەی بە سەرۆكوەزیران هەیە، چونكە ئەو كەسێكی بەهێزە.\""
لێك هەڵوەشانی سوننەكان
(تیم ئەرانگۆ) هەروەها نووسیویەتی، (مالیكی) توانیویەتی سەركردایەتیی لایەنە سوننەكان لێك هەڵوەشێنێت و تەنانەت ئەو هەستەیش لای زۆرینەی عێراقییەكان دروست بكات، كە چی دیكە ئەو پێكهاتە مەزهەبیە پشكێكی ئەوتۆی لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا نابێت.
(ڕەمزی ماردینی) توێژەرەوەیەكە لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەی شەڕ و لە بابەتێكدا دەڵێت \""مالیكی وەكوو براوەی ئەو قەیرانە سیاسییە دەركەوت كە خۆی خوڵقاندی.
ئەو توانی جیاوازی نێوان گرووپە شیعەكان كپ بكاتەوە و، سوننەكانیش بخاتە چوارچێوەیەكی وەهاوە كە زۆر بە ئاسانی بتوانێت فشار بخاتە سەریان و بۆ مەبەستی خۆی سوود لە جیاوازی بیروبۆچوونی نێوان بەرپرسەكانیشیان وەربگرێت.\""
(تیم ئەرانگۆ) هەروەها نووسیویەتی، (مالیكی) توانی فشار بخاتە سەر بەرپرسانی لیستی ئەلعێراقییە بۆ ئەوەی كۆتایی بە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران بهێنن، بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ شتێكیان لە بەرانبەر ئەم كارەدا دەست بكەوێت. سەرەڕای ئەوەیش بەرپرسانی باڵای ئەو لیستە ئێستا لەگەڵ یەكتریدا هاوڕا نین.
لە دەستدانی متمانەی سوننەكان
ئەندامی پێشووی لیستی ئەلعێراقییە (زوهەیر ئەعرەجی) دەڵێت، بایكۆتی ئەلعێراقییە كارێكی ژیرانە نەبوو، تەنانەت بەرپرسانی لیستەكەیش بەو هەنگاوە زیاتر خۆیان شەرمەزار كرد.
سوننەكانی وڵاتیش هەمان تێڕوانینیان هەیە. (ئەیمەن فەخری) لە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا دەژیت و دەڵێت \""ئەلعێراقییە گەڕایەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و حكوومەت، چونكە نەیتوانی هیچ كارێك بكات. سەرەڕای ئەوەیش، ئەلعێراقییە بەم هەنگاوە متمانەی خۆی لای خەڵكی عێراق بە تەواوی لە دەست دا.\""
(عوبەیدە ئەلجەبوری) هاووڵاتییەكی سوننەیە و خاوەنی ڕێستورانتێكە لە ناوچەی كەڕادەی بەغدا و دەڵێت \""سوننەكان هەڵەیەكی گەورەیان كرد كاتێك بڕیاریان دا لەگەڵ شیعەكان و كوردەكان بەشداری لە حكوومەتدا نەكەن. ئەم هەنگاوە سەلماندی سوننەكان ئەوەندە كەسانێكی بەئەزموون نین كە بتوانن خزمەتی خەڵكی خۆیان بكەن.\""
سازشەكانی (مالیكی)
نووسەری بابەتەكەی نیویۆرك تایمز هەروەها دەڵێت، ئەو كێشانەی (مالیكی) لە پاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق خوڵقاندنی، بوونە هۆی ئەوەی خۆیشی ئامادە بێت كەمێك سازش بكات. بۆ نموونە، ژمارەیەك لە ئەندامانی پێشووی بەعسی ئازاد كرد كە چەند مانگێك پێش ئێستا دەستگیر كرابوون.
ئەو هەروەها ناچار بوو دەستەڵاتێكی زیاتر بداتە پارێزگاكان لە شێوازی خەرجكردنی بوودجە و بڕیاردان لە سەر ئەوەی كەی هێزی ئاساییشی عێراق لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن. "
