لە بەغدا و تکریت حەوت كەس كوژران و 11ـیش بریندار بوون
پۆلیسی بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند كە ئۆتۆمبێلەكە لە گەڕەكی \"ئەمین\""ـی ڕۆژهەڵاتی بەغدا لە ناوچەی بەغدا جەدیدە، بە تەنیشت شەقامێكەوە وەستاوە و دواتر تەقیوەتەوە.
پۆلیس گوتی كە تەقینەوەكەی ئەم سەرلەبەیانییە، چوارشەممە، زیانی گیانی لەگەڵ خۆیدا هێناو بە هۆیەوە چوار هاووڵاتی كوژران و 11ـی دیكەیش بریندار بوون.
پۆلیسی سەڵاحەددینیش ڕایگەیاندووە كە بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە، كە گرووپێكی هاوبەشی گەڕان و پشكنینی لە ڕۆژهەڵاتی تكریتی كردبووە ئامانج، دوو سەرباز و پۆلیسێكی عێراقی كوژراون.
پۆلیس دەڵێت كە ئەم ئۆتۆمبێلەیش بە قەراخ شەقامێكی شارەدێی ئامرلیی سەر بە قەزای دوزخورماتوو، ڕاگیراوە و لە كاتی تێپەڕینی هێزێكی هاوبەشی گەڕان و پشكنین کە لە سەرباز و پۆلیس پێک هاتبوو، تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا دوو سەرباز و پۆلیسێك كوژران. "
