حكوومەتی عێراق: فایلە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ كوێت پێویستیان بەكۆبوونەوەی باڵا هەیە

حكوومەتی عێراق: فایلە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ كوێت پێویستیان بەكۆبوونەوەی باڵا هەیە
گۆتیاری رەسمیی حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، فایلە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ كوێت پێویستیان بەكۆبوونەوەی باڵا هەیە و ئاماژەی كرد، حكوومەتی عێراق بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت.


عەلی دەباغ لە میانەی ئامادەبوونی لە كۆنگرەیەكی تایبەت بە ژوورەكانی بازرگانی عێراق لە پارێزگەی كەربەلا، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، چەندان فایلی هەڵپەسێردراو لە نێوان عێراق و كوێت هەن كە پێویستیان بە كۆبوونەوەی لەسەر ئاستی باڵا هەیە بۆ چارەسەركردنیان.

زیاتر گوتی، گرینگی زۆر بە پێوەندییەكانمان لەگەڵ كوێت دەدەین و خوازیارین نێزیكبوونەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێرداوەكانی هەبێ و ئاماژەی كرد، عێراق گرینگی زۆر بە پتەوكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەدا، بەتایبەتی كە رووداوێكی گرینگ بەڕێوەیە ئەویش تۆقەڵانی عەرەبییە لە بەغدا كە لە ئادار/مارسی داهاتوو ساز دەكرێ.

دەباغ روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق پڕۆگرامێكی تایبەتی بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت لە رێگەی ژوورەكانی بازرگانییەوە هەیە و ئاماژەی كرد، ئەو پاڵپشتییەی حكوومەت لە رێگەی چەند یاسایەكی نوێیە كە بەربەستەكان لەبەردەم پەرەپێدانی ئەو كەرتە لا دەبا.

دەباغ دووپاتی كردەوە، حكوومەت ناتوانێ هەموو سێكتەرەكان پەرە پێ بدا، بۆیە پشت بە كەرتی تایبەت دەبەستێ بەو پێیەی قۆناغی نوێ پشت بە بیری سیاسی و ئابووری لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە دەبەستێ، نەوەك دەوڵەت.
Top