سەرەتای ئایاری داهاتوو هاشمی و زاواكەی بەبێ ئامادەبوون لەدادگە دەدرێن

سەرەتای ئایاری داهاتوو هاشمی و زاواكەی بەبێ ئامادەبوون لەدادگە دەدرێن
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند دادگەی ناوەندیی تاوانەكان، 3 ئایار/مایۆی داهاتووی وەك وادەی لەدادگەدانی بێ ئامادەبوونی بۆ تاریق هاشمی و زاواكەی دیاری كردووە، هاوكات دووپاتی كردەوە پرۆسەی لەدادگەدانەكە بەشێوەی ئاشكرا و لە بەردەم خەڵك بەڕێوە دەچێ.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەم حەوتوویەدا فایلی هاشمی و زاواكەی رەوانەی دادگەی ناوەندیی تاوانەكان كرد بەئامانجی لەداگەدانی بەبێ ئامادەبوونیان، ئەمەش وریاداریی لێژنەی یاساییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لێ كەوتەوە، بەو پێیەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەی ناوەندیی تاوانەكانەوە دەردەچن، توند دەبن.

هەینیی رابردوو ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تێوەگلانی پاسەوانانی هاشمی بە 150 كردەوەی چەكداری تۆمەتبار كرد كە برێتین لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمۆبێلی بۆمبڕێژ و بۆمبی نووسەنەك و ئاوێشتنی مووشەك و بەئامانجكردنی دادوەر و پزیشك و گەورە ئەفسەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوەخۆ لە رێگەی چەكی دەنگبڕەوە.

عەبدولستار بەیرەقدار گۆتیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، دادگەی ناوەندیی تاوانەكان، 3 ئایار/مایۆی داهاتووی وەك وادەی لەدادگەدانی بێ ئامادەبوونی بۆ تاریق هاشمی و زاواكەی دیاری كردووە، هاوكات دووپاتی كردەوە پرۆسەی لەدادگەدانەكە بەشێوەی نهێنی نابێ، بگرە ئاشكرا و لە بەردەم خەڵك بەڕێوە دەچێ، بەڵام ئەستەمە لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە بێتە وەشاندن.

بەیرەقدار روونی كردەوە، وادەی دادگەكە جێگیرە و ناكرێ لێی پاشگەز ببینەوە، چونكە ئەمە بڕیاری دادگەی ناوەندیی تاوانەكانە.

دوێنێ دووشەم هاشمی لە وتارێكدا 2 وێنەی پێشان دا و گوتی ئەمە وێنەكانی 2 لە پاسەوانەكانیەتی كە لە بەغدا هاتوونەتە گرتن و بەمەبەستی دان پێدانان رووبەڕووی داركاری بوونەتەوە.

هەژیی گۆتنە هێزەكانی تەناهی زیاتر لە 70 پاسەوانی هاشمییان بەتۆمەتی \"تیرۆر\"" گرت، هاوكات دادگەی عێراق لە 19ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوودا فەرمانی گرتنی هاشمیی بەتۆمەتی پاڵپشتیكردن لە \""تیرۆر\"" دەركرد و هاشمی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە."
Top