نەتەوە یەكگرتووەكان: دانیشتووانى ئەشرەف داهاتوویان لە عێراق نەماوە
فالح فەیاز راوێژكارى ئاسایشیی نیشتیمانى ئێوارەى دوێنێ لە كۆنگرەیەكی نیشتمانى لە بارەگەی ئەمینداریی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا لە كۆنگرەیەكی راگەیاندن كە پەیامنێری ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) تێدا ئامادە بوو، گوتى، حكوومەتى عێراق بەهیچ شێوەیەك مافی پەنابەرییەتی بە دانیشتووانى كەمپی ئەشرەف نادا، ئاماژەى كرد كە پرۆسەى گواستنەوەیان بەپێی پێوەرە ناودەوڵەتییەكان دەبێ، سەرنجی دا كە عێراق بەپێی ئەو یاداشتەى كە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئیمزاى كردووە مامەڵە دەكا.
فەیاز گوتى، رێوشوێنی گواستنەوەى دانیشتووانى ئەشرەف بۆ كەمپی تازەیان شەوی هەینی دەستی پێ كردووە ئەوەیش قۆناغێكە بۆ گواستنەوەی یەكجارەكیان بۆ دەرەوەى وڵات و یا گەڕانەوە بەخواستی خۆیان بۆ ئێران.
لاى خۆیەوە، مارت كویپلەر نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق گوتى، نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە وڵاتان دەكا دانیتشووانى ئەو كەمپە بۆ وڵاتەكانى خۆیان بگوازێتەوە چونكە ئەوانە هیچ داهاتوویەكیان لە عێراق نەماوە.
كویپلەر گوتى، گواستنەوەیان دەبێ بەشێوازێك بێ كە هەردوو لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و عێراق لێی ئاگەدار بن و چاوەڕوانیش دەكرێ لە رێگەی رێكخراوەكانى مرۆیی و ناودەوڵەتییەوە بێ.
پتر گوتى، كاتێك حكوومەتى عێراق بڕیارى دا كەمپی ئەشرەف دابخا داواى لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد چارەسەرێكی ئاشتییانەیان بۆ بدۆزێتەوە و ئاماژەى كرد كە نووسگەى نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا چەندان كێشەگەلی ئەو كەمپەی چارەسەر كردووە، بەڵام تا ئێستەش هەندێكیان هەر بەهەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.
لە 25ى كانوونى یەكەم/دێسێمبەرى رابردوو هەیەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی عێراق یاداشتێكیان بۆ چارسەركردنى كێشەى كەمپی ئەشرەف ئیمزا كرد و بەپێی رێككەوتنەكە دانیشتووانى ئەو كەمپە بۆ شوێنێكی تر دەگوازێنەوە تا بەیەكجارەكى بۆ دەرەوەى وڵات دەگوازرێنەوە یا ئەوانە دەیانەوێ بەخواستی خۆیان بگەڕێنەوە ئێران بۆ ئەوىَ بگوازرێنەوە.
