فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆپیشاندان ده‌كه‌ن
له‌و خۆپیشاندانه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌فه‌رمانبه‌رانی كاتی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كه‌ركوك به‌نوێنه‌رانی 400 فه‌رمانبه‌ر خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌یان له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی كه‌ركوكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌نجامداو داوایانكرد وه‌ك فه‌رمانبه‌ری ره‌سمی كۆمسیۆن جێگیر بكرێن.
له‌باره‌ی هه‌وڵی جێگیركردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره كاتییانه‌شه‌وه، خالید شوانی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان رايگه‌یاند: ماوه‌ی پێنج مانگه ره‌زامه‌ندنییان ده‌ركردوه بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌و بڕیاری دامه‌زراندنه‌كه‌شیان ئاڕاسته‌ی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كردوه بۆ په‌سه‌ندكردنی و له‌چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی عه‌مه‌لی ئه‌و دوو لایه‌نه‌دان.
لای خۆشیه‌وه فه‌رهاد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: وه‌ك كۆمسیۆن هه‌موو رێوشوێنه یاساییه‌كانمان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه ته‌واوكردوه‌و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقین له‌و بواره‌دا.
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش له‌و بابه‌ته ئه‌وه‌یوت كه ئه‌و دۆسیه‌یه له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق په‌كی كه‌وتوه، وتیشی: به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌نگاوه هه‌لی دامه‌زراندن بۆ نزیكه‌ی 4 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عیراق به‌كه‌ركوكیشه‌وه فه‌راهه‌مده‌كات.
-PUKmedia
