مالیكی: ئێستە عێراق ئامادە نییە داواكاریی دامەزراندنی هەرێمەكان جێبەجێ بكا

مالیكی: ئێستە عێراق ئامادە نییە داواكاریی دامەزراندنی هەرێمەكان جێبەجێ بكا
نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ئێستە دۆخێكی گونجاو نییە بۆ دامەزراندنی هەرێمەكان، چونكە دەبێتە هۆی دابەشبوونی وڵات و ئاماژەی كرد، داوای هەندێ لە لایەنەكان بۆ دامەزراندنی هەرێمەكان یاریكردنە بە داواكارییەكی دەستووری.


مالیكی لە كاتی ئامادەبوونی ئاهەنگێك لە شارۆكەی هیندییەی سەر بە پارێزگەی كەربەلا گوتی، رێگە بە دامەزراندنی هەرێمەكان لە پارێزگەكای عێراقدا نادەین، چونكە دەبێتە هۆی پارچەبوونی وڵات و بانگهێشتنی هەندێ لایەن لەو بارەوەش یاریكردنە بە داواكارییەكی دەستووری و ئاماژەی كرد، ئێمە ئەو مافە رەت ناكەینەوە، بگرە دەڵێن ئێستە گونجاو نییە .

زیاتر گوتی، پەلەكردن لە دامەزراندنی هەرێمەكان لەو دۆخەی ئێستە، گەل و وڵات دەخاتە ناو چەند كێشەیەك كە پێویست نین و ئاماژەی كرد، هەموو ئەو پارێزگەیانەی داوای بەهەرێمبوون دەكەن كێشەیان لەگەڵ پارێزگەكانی دەوروبەریاندا هەیە و دووپاتی كردەوە، گەلی عێراق نایەوێ چەند كێشەیەك دروست بن كە داواكارییە سەرەكییەكانی لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دوور بخاتەوە.

مالیكی ئاماژەی كرد، ئێمە لە چوارچێوەی حكوومەتی یەكەتیی نیشتمانیدا خەریكی بەجێگەیاندنی داواكاریی جەماوەرین و دواتر لە كاتی سەقامگیربوونی دۆخەكە پرسی دروستبوونی هەرێمەكان تاوتوێ دەكەین.

بەهۆی خراپی خومەتگوزارییەكان و فەرامۆشكردن و كەمی دەسەڵات و پڕۆژەكان، ساڵی رابردوو هەردوو پارێزگەی سەڵاحەدین و دیالە پارێزگەكانیان وەك هەرێمی سەربەخۆ راگەیاند و چەند پارێزگەی تری وەك ئەنبار و نەینەوا و بەسرە هەڕەشەی راگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆیان كرد ئەگەر داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرێ.
Top