عێراقییه : دۆسیه‌ی تارق هاشمی له كۆنگره‌ی نیشتمانی ده‌خرێته نێو گفتوگۆ
فراكسیۆنی عێراقییه كه ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات؛ رایگه‌یاند، ئه‌و بابه‌ته‌ی كه بڕیاره فراكسیۆنه‌كه له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووی لێژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراق پێشكێشی بكات، داوای تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی تارق هاشمی له كۆنگره‌ی نیشتمانیی چاوه‌ڕوانكراو له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌مباره‌وه زافر عانی سه‌ركرده‌ی فراكسیۆنی عێراقییه به ئاكانیوزی راگه‌یاند، فراكسیۆنی عێراقییه له ئاماده‌كردنی ئه‌و بابه‌ته كه بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووی لێژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراق پێشكێشی بكات، كۆتایی هاتووه كه باس له چه‌ند رێوشوێنێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه و چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ی ته‌نگژه‌ی دوایی ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی، فراكسیۆنی عێراقییه سووره له‌سه‌ر تاوتوێكردنی هه‌ردوو دۆسیه‌ی تارق هاشمی و ساڵح موتڵه‌گ له كۆنگره‌ی نیشتمانیی چاوه‌ڕوانكراو و چاره‌سه‌ركردنیان و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فراكسیۆنه‌كه‌یان وای بۆ ده‌چێ كه ئه‌گه‌رچی دۆسیه‌ی هاشمی له رووكه‌شه‌وه دادوه‌رییه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا سیاسییه و هه‌ر چاره‌سه‌رێكیش ده‌بێ هه‌ردوو رووه‌كه له‌خۆ بگرێت.
بڕیاره یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو نوێنه‌ری 15 كوتله‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریكردنی واده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق كه جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق بانگهێشتی بۆ كرد و رێككه‌وتن له‌سه‌ر كارنامه‌ی كۆنگره‌كه دوای خستنه رووی بابه‌تی داواكاریی فراكسیۆنی عێراقییه و هاوپه‌یمانی كوردستان، كۆببنه‌وه.
