عێراقییە: كێشەكەی موتڵەگ \"كەسی\""یە و خەریكە چارەسەر دەبێ"
رۆژی 17ی مانگی كانوونی یەكەم/دیسەمبەری ساڵی رابردوو نووری مالیكیی سەرۆك وەزیران، بە رەسمی داوای لە پەرلەمان كرد بە تۆمەتی لێنەوەشاوەیی متمانە لە ساڵح موتڵەگی جێگری لە لیستی عێراقییە بسەنێتەوە، ئەوەیش چەند رۆژێك دوای ئەوە هات موتڵەگ لە دیمانەیەكدا مالیكی بە \""دیكتاتۆر\"" وەسف كردبوو، دواتر مالیكی یەكلایەنە موتڵەگی لە پۆستەكەی لادا. ئەم حەوتەیەش لیستی عێراقییە داوای كرد بڕیاری لەكاردانی موتڵەگ هەڵبوەشێتەوە.
دوێنێ دووشەم لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكا و خاوەن هەشت پۆستی وەزارەتییە، بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران كە لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەرەوە بایكۆتی كردبوو، ئەو بڕیارەی عێراقییە دوای ئەوە هات كە 10 رۆژ لەمەوبەر بڕیاری گەڕانەوەی ئەندامانی لیستەكەی بۆ پەرلەمان دا.
عەبدولخزر تاهیر سەركردە لە لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، قۆناغێكی نوێی لێك تێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەستی پێ كردووە و كێشەی ساڵح موتڵەگی جێگری سەرۆك وەزیرانیش چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە بەو پێیەی كێشەیەكی كەسییە.
تاهیر روونی كردەوە، لە رێگەی وتوێژ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراقەوە بۆمان دەركەوت لێك تێگەیشتنی زۆر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە بەتایبەتی لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانەوە.
ئەو سەركردەیەی عێراقییە ئاماژەی دا بەوەی كە ناكۆكییەكانی رابردوو بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن و كێشەی موتڵەگیش پێویستی بە بڕیاری لیستی عێراقییە نییە.
لیستی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكا، سێ بژاردەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی موتڵەگ خستووەتە روو كە برێتین لە دەست لەكاركێشانەوەی موتڵەگ، یان گۆڕینی بە كەسێكی تر، یان لە لێدوانەكانی پاشگەز بێتەوە و داوای لێبوردن لە مالیكی بكا، بە مەرجێك مالیكی پۆزشەكەی قبووڵ بكا."
