ئەمڕۆ لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتمانی لە بەغدا كۆ دەبێتەوە
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: لەبەر رۆشناییی دیدارەكانی سەركۆمار، رێككەوتن كرا بۆ ئەوەی لێژنەی ئامادەكاریی بانگهێشت بكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لە بارەگای سەركۆمار لە بەغداد كۆ ببێتەوە، لێژنەكە نوێنەرانی هەریەك لە سێ فراكسیۆنە سەرەكییە پەرلەمانییەكە (هاوپەیمانیی نیشتمانی، عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان) لەخۆ دەگرێت.
لێژنەی ئامادەكاری كە بە ئامانجی زەمینە خۆشكردن بۆ دیدارێكی نیشتمانیی فراوان پێك هاتووە، رۆژی 15ی كانوونی دووەم/یەنایەری رابردوو بە ئامادەبوونی سەركۆمار و سەرۆك وەزیر و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد.
دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسیی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و عێَراقییە، تاڵەبانی داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بەبەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كرد، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو تەنگژەیە، كە بەلای زۆر لە چاودێرانەوە هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسیی وڵات دەكا.
