پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرز كرایەوە

پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرز كرایەوە
لێژنەی یاساییی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم كۆتاهێنانی لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی راگەیاند و ئاماژەی كرد، بەمەبەستی دەنگدان پڕۆژەیاساكە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان عێراق بەرز كرایەوە.

خالید شوانی سەرۆكی لێژنەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لێژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق بەهاوكاریی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی راوێژكاریی وڵات و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بەكۆتا هێنا.

زیاتر گوتی، لێژنەكە دوا شێوەی پڕۆژەیاساكە و دوا راپۆرتی خۆی ئامادە كرد و بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی رەوانە كردووە و ئاماژەی كرد، هیچ بەرهەڵستی یان ناكۆكی لەبارەی پڕۆژەكە لە نێوان لایەنەكانی عێراقەوە نییە.

یاسای لێبوردنی گشتیی یەكێكە لە بڕگەكانی ئەو رێككەوتننامە سیاسییەی رێگەی بۆ پێكهاتنی حكوومەتی عێراق خۆش كرد و وای لە رەوتی سەدر كرد كە پاڵپشتی لە خۆپاڵاوتنەوەی نووری مالیكی بكا.

پەرلەمانی عێراق لە ئەیلوول/سێپتێمبەری رابردوو بەشێوەیەكی سەرەتایی دەنگی لەسەر پڕۆژەیاساكە دا كە لەلایەن رەوتی سەدرەوە پێشكێش كرا.
Top