عێراقییە گەشبین نییە بە سەركەوتنی كۆنگرەی نیشتمانی

عێراقییە گەشبین نییە بە سەركەوتنی كۆنگرەی نیشتمانی
ئەمڕۆ سێشەم ئەندامێكی لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكا رای گەیاند، لیستەكەی گەشبین نییە بە سەركەوتنی كۆنگرەی نیشتمانی كە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو ساز بكرێ، هاوكات داوای لە لایەنەكان كرد رێگەچارەیەكی تر بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی ئێستەی وڵات بدۆزنەوە.

دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسیی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و عێَراقییە، جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كرد، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو تەنگژەیە، كە بەلای زۆر لە چاودێرانەوە هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسیی وڵات دەكا.

تەلال زەوبەعی ئەندامی لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، كۆنگرەی نیشتمانیی چاوەڕوانكراو هیچ سوودێكی نییە و پێویستە لایەنە سیاسییەكان پەنا بۆ رێگەچارەیەكی تر بەرن لەوانە ئاشتبوونەوە و نەهێشتنی گومان و متمانەكردن بە یەكتر و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ.

زەوبەعی روونی كردەوە \"سەرجەم لایەنەكان نایەوێ كۆنگرەی نیشتمانی بێتە سازكردن و هەر لایەنێك تۆپەكە فڕێ دەداتە گۆڕەپانی ئەوی تریان\"".

دوای گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاسا، عێراقییە ئامادەبوونی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایی دایە وەزیرەكانی عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایان دەدا.

لیستی عێراقییە دەڵی كە لیستەكە دووچاری فەرامۆشكردن هاتووەتەوە و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەتاكڕەوی لە وەرگرتنی بڕیارەكان تۆمەتبار دەكا."
Top