هاشمی: ئامادەم بچمە بەردەم دادگە بەو مەرجەی مالیكی دەست لە كار بكێشێتەوە

هاشمی: ئامادەم بچمە بەردەم دادگە بەو مەرجەی مالیكی دەست لە كار بكێشێتەوە
تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق رای گەیاند، ئەگەر مالیكی پێداگری بكا لەسەر مانەوەی كەیسەكەی لە بەغدا، ئەو ئامادەیە لە دادگە ئامادەبێ بەو مەرجەی ناوبراو واز لە كاروباری دادگە بێنێ، بەگوتەی هاشمی ئەمەش تەنیا بەوە دێتە دی كە مالیكی دەست لە پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵبگرێت، هاشمی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمە تاكە رێگەچارەیە بۆ ئەوەی دادگە لەژێر پاڵەپەستۆ رزگاری ببێ.

نووسینگەی هاشمی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی نێردراوە بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گوتی \"دادگە تاكە هۆكارە بۆ سەلماندی بێتاوانیم لەو تۆمەتە پووچ و دان پێدانانە دروستكراوانەی كە خراوەتە پاڵم... لە دادگە ناترسم، بگرە لە چارەنووسی دادگە دەترسم بەهۆی ئەوەی كاسنێك سەربەخۆیی دادگەیان نەهێشتووە و بەسیاسیان كردووە و كردوویانە بە ئامرازێك چەوساندنەوەی عێراقییەكان.

هاشمی گوتی، ئامادەم بچمە دادگە لە هەر شوێنێك بێ بەمەرجێك ركابەرەكەم دەسەڵاتی سیاسیی بەسەردا نەبێ، ئەگەر ركارەكەشم پێداگری كرد لەسەر ئەوەی دادگاییكردنەكە لە بەغدا بەڕێوە بچێ، من ئامادەم بەو مەرجەی دەست لە كاروباری دادگە وەرنەدات، ئەمەش تەنیا بەوە دەبێ كە مالیكی دەست لە سەرۆكایەتیی وەزیران هەڵبگرێت، ئەمە تاكە رێگەچارەیە بۆ رزگاربوونی دادگە لە پاڵەپەستۆ.

هاشمی لە درێژەدا گوتی، هەموو ئەو شتانەی داوام كردووە یاسایییە و بگرە مافی خۆمە، بەڵام ركابەرەكەم رەتیان دەكاتەوە نەك دادگە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو دان پێدانانە دروستكراوانە درەنگ بێت یان زوو ئاشكرا دەبن و هاووڵاتییانی عێراقیش راستیی پرسەكەیان بۆ دەردەكەوێت، ئەگەر بەڵگەش هەیە بۆچی پرسە دوا دەخەن و دادگایەكە ناگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داواكارییەكەی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراقی بۆ گواستنەوەی دۆسیەی دادگاییكردنی خۆی و پاسەوانەكانی لە بەغداوە بۆ شاری كەركووك رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە دۆسییەكە لە بەغدا دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق فەرمانگی گرتنی بۆ تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار دەركرد بە تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی، هاشمی بەغدای بەجێ هێشت و هاتە هەرێمی كوردستان و تا ئێستەیش لەلایەن هەرێمەوە داڵدە دراوە و قایل نابێ وەك وەزارەتی ناوەخۆی عێراق داوا دەكا، بەدەستیەوە بدا."
Top