وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق زیندانیكردنی بەعسی و ئەفسەرانی سوپای پێشوو لە گرتیگە نهێنییەكاندا رەت دەكا
كامل ئەمین گۆتیاری وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هیچ گرتیگەیەكی نهێنی لە عێراقدا نییە و ئەوەی باسی گرتیگەی نهێنی لە عێراق دەكا، با شوێنەكەی دیاری بكا.
ئەمین ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم ئەو كەسانەی دێنە گرتن، لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤەوە رێوشوێنی یاسایی بەخۆیانەوە دەبینن و هەر هەموویان پارێزەری تایبەت بەخۆیان هەیە و ماڵباتەكانیان سەردانیان دەكەن.
زیاتر گوتی، وەزارەتی مافی مرۆڤ بەیەك چاو سەیری هەمووان دەكا و هەردەم جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێ پرسی گرتییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان بێتە قۆستنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا \"گیراوانی بەعسی و ئەفسەرانی سوپای پێشووی عێراق لەناو ئەو گرتیگانەدان كە بۆ وەزارەتی مافی مرۆڤ دیار و ناسراون\"".
حكوومەتی عێراق لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری رابردوودا پووچەڵكردنەوەی پیلانێكی بەعسییەكانی و ئەندامانی پێشووی سوپای عێراقی راگەیاند بەمەبەستی وەرگرتنی دەسەڵات لە عێراق.
حكوومەتی عێراق بەپێی زانیاریگەلێكی هەواڵگری پرۆسەیەكی ئەنجام دا كە گرتنی زیاتر لە 650 كەسی لێ كەوتەوە.
ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا حكوومەتی عێراق بەزیندانیكردنی دەیان گرتی لە گرتیگە نهێنییەكاندا تۆمەتبار كرد."
