نوێنەرى سیستانى: بەبێ دەستهەڵگرتن لە بەشێكى داواكان كۆنگرەى نیشتمانى سەركەوتوو نابێ

نوێنەرى سیستانى: بەبێ دەستهەڵگرتن لە بەشێكى داواكان كۆنگرەى نیشتمانى سەركەوتوو نابێ
نوێنەرى عەلى سیستانى مەرجەعى ناسراوى شیعەكانى عێراق ئەمڕۆ هەینى راى گەیاند، هیچ كۆنگرەیەكى نیشتمانى بۆ چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی وڵات سەرناكەوێ، ئەگەر بێتو لایەنە ناكۆكەكان دەستبەردارى بەشێك لە داوا و مەرجەكانیان نەبن.

ئەحمەد ئەلسافى لە وتارى نوێژى هەینیدا لە كەربەلا گوتى \"هەر كۆنگرەیەك لە داهاتوودا گرێ بدرێ بۆ چارەسەرى كێشەى نێوان لایەنە ناكۆكەكان، ئەنجامێكى نابێ تا بارستە سیاسییەكان دەست لە هەندێ لە داواكانیان هەڵنەگرن و متمانەى نێوانیان نەگێڕنەوە\"".

هەروەها داواى لەلا یەنە ناكۆكەكان كرد بە هێمنى و دور لە دەمارگرژى گفتوگۆ بكەن، بەپێچەوانەوە ناگەنە هیچ ئەنجامێك.

لیستى عێراقییە سوورە لەسەر ئەوەى مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەركردە دیارەكانى عێراق لەو كۆنگرە چاوەڕوانكراوەدا بەشدار بن، بارزانیش راى گەیاندووە ئەگەر كۆنگرەكە لە بەغدا بەسترێ، خۆى بەشدارى ناكا و نویچنەرێك بۆ بەشداریكردن رەوانە دەكا.

ماوەى زیاتر لە مانگێكە بەهۆى ناكۆكیى نێوان لیستى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى و لیستى دەوڵەتى یاساى نوورى مالیكیەوە، تەنگژەیەكى سیاسی لە عێراق سەرى هەڵداوە كە بە مەترسیدارتین تەنگژەى سیاسی لە چەند ساڵى رابردوودا وەسف كراوە، كە هەڕەشە لە پرۆسەى سیاسیی وڵات دەكا."
Top