هاوپەیمانیی كوردستان: داوای چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەكەین

هاوپەیمانیی كوردستان: داوای چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەكەین
چوارشەمی ڕابردوو ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێ، گۆتیاری لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش دەڵێ دەبێ چاوەڕوانی ئەنجامدانی كۆنگرەی نیشتمانی بكەین و ئێمە داوای چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەكا.

فەرهاد ئەترووشی گۆتیاری لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئێمە لێدوانەكانی عەلاوی بە نیشانەی قووڵبوونەوەی تەنگژەی سیاسی لە عێراق دادەنێین، تەنگژەی سیاسی زۆر قووڵە و ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین كە دەڵێن هەندێك كێشەی ئاسان هەن و دەبێ چارەسەر بكرێن، هاوپەیمانیی كوردستان داوای چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی دەكا.

ئاماژەی بەوەش دا، ناكرێ 4 مانگ جارێك كێشەیەك لە عێراق ڕوو بدا بە هەندێك دەرمانی ئازارشكێن چارەسەری بكەین و دۆخەكە هێور بكەینەوە، دوای 4 مانگی تر بگەڕێینەوە بۆ تەنگژەیەكی تر.

ئەترووشی ڕوونی كردەوە، دەبێ هەموو لایەنەكان چاوەڕوانی كۆنگرەی نیشتمانی بن، چونكە دەبێ كۆنگرەكە بە چەند ئامانجێك كۆتای پێ بێ، ئەگەر هیچ ئامانجێكی نەبێ ئەوە عێراق تووشی كارەسات دەبێ، پرۆسەی سیاسی لە مەترسیدایە و شیمانەی ڕوودانی شەڕی تایفەییش لە عێراقدا هەیە، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ تەنگژەكە قووڵتر دەبێتەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و كۆنگرەی نیشتمانین.

زیاتر گوتی ئەگەر كۆنگرەی نیشتمانی هیچ ئەنجامی نەبێ و نەگەڕێینەوە بۆ ڕێككەوتننامەی هەولێر، هاوبەشیی ڕاستەقینە بۆ پرسی بەڕێوەبردنی وڵات نەبێ و هەموو لایەنەكان بەشدار نەبن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوە لادانە لە دەستوور و عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەبا، كوردیش بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە.

گۆتیاری لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی ئەوەشی ڕاگەیاند، ئێمە كێشەمان لەگەڵ هیچ كەسایەتییەك نییە، بگرە كێشەمان لەگەڵ ڕەفتار و هەڵسوكەوتی كەسەكان هەیە، ئێمە ڕێزمان بۆ نووری مالیكی و ئەیاد عەلاویش هەیە، بەڵام هەڵسوكەوتی هەر كەسێك لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنی سیاسی نەگونجێ لێی قبووڵ ناكەین.

هەروەها گوتی، ئەگەر كۆنگرەی نیشتمانیش نەیتوانی هیچ چارەسەرێك بۆ دۆخی عێراق بێنێتە كایەوە، ئەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت گونجاوە و پێچەوانەی دەستووریش نییە، بەڵام بارودۆخی ئێستەی عێراق ڕێگە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت نادا، چونكە تەنگژەیەكی سیاسیی گەورە هەیە و كێشەی تەناهیش دروست دەبێ لە نێوان سونە و شیعەن، بەڵام ئەگەر هیچ چارەسەرێكی تر نەبوو ئەوە هەڵبژاردن ڕێگەیەكی دەستوورییە.
Top