هاشمى جارێكى تر داوا دەكا كێشەكەى بۆ كەركووك بگوێزرێتەوە
هەفتەى رابردوو ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى داوایەكى هاشمى بۆ گواستنەوەى فایلى دادگەییكردنەكەى بۆ كەركووك رەت كردەوە و پێداگرى كرد لە بەغدا بمێنێتەوە، هەروەك پێشتریش قایل نەبوو ئەو فایلە بۆ هەرێمى كوردستان بێتە گواستنەوە.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لە نووسینگەى هاشمى بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"جێگرى سەركۆمار دەیەوێ جارێكى تر داوا لە میدحەت مەحموودى سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بكا فایلى دادگەییكردنەكەى بۆ پارێزگەى كەركووك بگوێزێتەوە\"".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتى \""هاشمى كەناڵى عێراقییەیش بە تۆمەتى ناوزڕاندنى دەداتە دادگە\"".
مانگى رابردوو كەناڵى ناوبراو دانپێدانانى سێ لە پاسەوانەكانى هاشمى بڵاو كردەوە، تێیدا ئاماژەیان بەوە دا چەندان كارى كوشتن و تەقینەوەیان بە ئاگەدارى و پاڵپشتیى هاشمى ئەنجام داوە، بەو هۆیەشەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى فەرمانى گرتنى ناوبراوى دەركرد.
تاریق هاشمى كە چەند ساتێك پێش لە دەرچوونى فەرمانى گرتنەكەى بەغدا بەرەو هەرێمى كوردستان بەجێ هێشت، لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا تۆمەتەكانى بە دەست هەڵبەست دانا، هەروەها دادوەریى عێراقى تۆمەتبار كرد بەوە سیاسێنراوە و داواى كرد فایلى دادگەییكردنەكەى بۆ هەرێمى كوردستان بگوێزرێتەوە."
