ئه‌یاد عه‌لاوی: له‌كاتی شكستی كۆنگره‌ی نیشتمانیدا 3 بژارده‌ له‌ئارادان

ئه‌یاد عه‌لاوی: له‌كاتی شكستی كۆنگره‌ی نیشتمانیدا 3 بژارده‌ له‌ئارادان
سه‌رۆكی لیستی عیراقییه‌ له‌كاتی شكستهێنانی كۆنگره‌ی نیشتمانی 3 بژارده‌ پێشنیاز ده‌كات.

ئه‌یاد عه‌لاوی له‌لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: هه‌ركاتێك كۆنگره‌ی نیشتمانی كه‌ برِیاره‌ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی عیراقدا سازبكرێت، شكستبهێنێت ئه‌وا له‌به‌رده‌م لیسته‌كه‌یدا 3 بژارده‌ هه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی خاوێن و پێكهێنانه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت یاخود دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرێكی نوێ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانی عیراقییه‌وه‌ كه‌ به‌تواناو شیاو بێت بۆ به‌رێوه‌بردنی كاروباری وڵات.

به‌وته‌ی عه‌لاوی هه‌رچی بژارده‌ی سێیه‌میشه‌ بریتییه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتمانیی راسته‌قینه‌ كه‌ پشتبه‌ستوو بێت به‌ جێبه‌جێكردنی رێكه‌تننامه‌ی هه‌ولێر.
عه‌لاوی وتیشی له‌ئێستادا عیراقدا بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ئه‌ویش به‌هۆی خراپ به‌رِێوه‌بردن و بوونی دیكتاتۆری به‌ پۆشاكێكی شێواوی دیموكراسییه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ بیانیه‌كانه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا به‌جێهێڵراوه‌.
Top