لیستەكەی مالیكی بۆ هاشمی: تا كار لە كار نەتراوە لەبەردەم دادگە ئامادەبە
ئەم داوایەی دەوڵەتی یاسا لە كاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داواكارییەكەی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراقی بۆ گواستنەوەی دۆسیەی دادگاییكردنی خۆی و پاسەوانەكانی لە بەغداوە بۆ شاری كەركووك رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە دۆسییەكە لە بەغدا دەمێنێتەوە.
سەلمان مووسەوی، كەسی نێزیك لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەسەر تاریق هاشمی پێویستە بەزووترین كات ئامادەی دادگە بێ لە شاری بەغدا، بەتایبەتی داوای ئەوەی داواكاریی گواستنەوەی دۆسیەی دادگاییكردنی لە بەغداوە بۆ شاری كەركووك رەت كرایەوە.
زیاتر گوتی، گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانییەوە بۆ بەغدا پەیامێكە بۆ هاشمی كە دەبێ بچێتە بەردەم دادگە.
لیستی عێراقییە بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی پێی وایە رەتكردنەوەی داوای هاشمی لەلایەن دادگەی عێراقەوە، بڕیاری كۆتایی نییە و شیاوی ئەوەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێ.
مەزهەر خدر ئەندامی لیستی عێراقییە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، پرسی هاشمی هەر لە سەرەتاوە كراوەتە پرسێكی سیاسی، بۆیە هیوادارین دادگەی عێراق دووربێ لە سیاسەت و دۆسیەی دادگاییكردنەكە بگوازێتەوە، چونكە گواستنەوەی باشترە لەوەی لە بەغدا بمێنێتەوە.
روونی كردەوە \"دادگەی پشت بە لێكۆڵینەوەكان دەبەستێ، ئێمەش گومانمان لە لێكۆڵینەوەكان هەیە نەك لە دادگە، ئێمە دڵنیان كەسانێكی زۆر ستەمیان لێ كراوە بەهۆی ئەو رێگە و شێوازە نایاسایییانەی كە لەكاتی وەرگرتنی دان پێداناندا دەگیرێتە بەر نەك بەهۆی دادگەوە.
مانگی رابردوو وەزارەتی ناوەخۆی عێراق دان پێدانانی چەند كەسێكی كە بە پاسەوانەكانی هاشمی ناوی بردن بڵاو كردەوە و تێیدا باسی چەند كردەوەیەكی كوشتن و چاندنی بۆمب كرد كە بە ئاگەداری هاشمی ئەنجامیان داون، بەو هۆیەشەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق یاداشتی گرتنی هاشمی دەركرد، بەتۆمەتی تێوەگلان لە كردەوەی كوشتن و چاندنی بۆمبدا.
دوای ئەو پەرەسەندنە هاشمی بەغدای بەجێ هێشت و هاتە هەرێمی كوردستان و تا ئێستەیش لەلایەن هەرێمەوە داڵدە دراوە و قایل نابێ وەك وەزارەتی ناوەخۆی عێراق داوا دەكا، بەدەستیەوە بدا."
