عێراق ئامادەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لەبارەی سووریا دەبێ

عێراق ئامادەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لەبارەی سووریا دەبێ
نوێنەری عێراق لە كۆبەندی عەرەب ئەمڕۆ یەكشەم دووپاتی كردەوە، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەی نائاساییی حەوتووی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی سووریا و دوا راپۆرتی نێردەی چاودێرانی عەرەب دەبێ.

قەیس عەزاوی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، عێراق سوورە لەسەر هەڵوێستی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا لە چوارچێوەی كۆبەندی عەرەبی و نایەوێ تەنگژەكە بەناودەوڵەتی بكرێ، لەگەڵ بواردانی زیاتر بە نێردەی چاودێران بۆ تەواوكردنی ئەركەكانیان.

لای خۆیەوە ئەحمەد بن حللی جێگری ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، كۆبوونەوەیەكی لێژنەی وەزارەتی عەرەبی تایبەت بەسووریا بەر لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بۆ باسكردنی پەرەسەندنەكانی دۆخی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای راپۆرتی سەرۆكی نێردەی چاودێران دەكرێ كە بڕیارە لە 20ی ئەم مانگە پێشكێشی ئەمینداری گشتیی كۆبەندی بكا.

دوێنێ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی میری قەتەڕ لە دیدارێكی لەگەڵ پرۆگرامی 60 خولەكی كەناڵی (سی بی ئێس)ی ئەمەریكایی كە دواتر دێتە وەشاندن، پێشنیازی رەوانەكردنی هێزی عەرەبی بۆ وەستاندنی خوێنڕشتن لە سووریا كرد، كە ئەوەش یەكەم سەركردەی عەرەبییە پێشنیازێكی لەو جۆرە بكا.

ئەو لێدوانەی بن خەلیفە لە میانەی وڵامدانەوەی هات لەبارەی ئاخۆ خواستی دەستوەردانی وڵاتانی عەرەب هەیە لە تەنگژەی سووریادا.

كێشەی ناردنی نێردەی چاودێرانی عەرەب بۆ سووریا مشتومڕی نایەوە، هەندێ لایەنی بەرهەڵستكاری سووریا ناڕەزاییی خۆیان بەرامبەر دیاریكردنی محەمەد ئەحمەد دابی كۆنە ئەفسەری سوودانی بۆ سەرۆكایەتیی نێردەكە دەربڕی و لە دوا كۆبوونەوەیان لە قاهیرە لایەنەكانی بەرهەڵستكاری سووریا لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە كۆبەندی عەرەب كرد چاودێرانی لە سووریا بكشێنێتەوە، بەتایبەتی دوای بەردەوامی كوشتن و سەركوتكاری لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا.

لای خۆیەوە نەبیل عەرەبی ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەبی كشاندنەوەی چاودێرانی عەرەبی بۆ سووریا رەت كردەوە و كاتەكەی بەنەگونجاو بۆ ئەو هەنگاوە دانا و دابی سەرۆكی نێردەی چاودێرانیش ئاماژەی كرد، تا ئێستە دەسەڵاتدارانی سووریا هاریكاریی نێردەكە دەكەن.

11ی ئەم مانگە سەرچاوەیەك لە كۆبەندی عەرەبی لە قاهیرە رای گەیاند، كۆبەندی عەرەبی 2 نامەی لە بەرهەڵستكارانی سووریا پێ گەیشتووە، یەكەمیان لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا كە داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی ئەو وڵاتە و دووەمیشیان لە رەوتی بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا كە داوای بەردەوامی كاری نێردەی چاودێرانی عەرەبی لە سووریا دەكا.

سەرچاوەكە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا نامەیەكی بۆ ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەبی ناردووە و داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی ئەو وڵاتە لە رێگەی پێشكێشكردنی داوایەك بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە.

لە ناوەڕاستی ئادار/مارسی ساڵی رابردوو ناڕەزاییی جەماوەری گەلی سووریا دژی رێژیمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد و ئێستەش بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی كوژراوان تا ئێستە لە 5 هەزار رەتی داوە.
Top