سبەی لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتمانی پێك دەهێنرێ و تاڵەبانیش دەچێتە ئەڵمانیا
دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی ئەم دوایییەی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و عێراقییە و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی وڵات، لە 27ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و رێك كەوتن لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی گشتی بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان بەمەبەستی تاوتوێكردنی كێشەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو تەنگژەیە، كە هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكا.
عارف تەیفوور، ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"سبەی لە شاری بەغدا بەسەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق، سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی وڵات كۆ دەبنەوە\"".
روونی كردەوە \""هەر لە دانیشتنەكەی سبەیدا، سەركۆمار لێژنەیەك بۆ دەست پێكردنی ئامادەكارییەكان بەمەبەستی بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی لە عێراق پێك دەهێنێ\"".
\""هەر لایەنێكی سیاسی 2 ئەندامی لە لێژنە ئامادەكارییەكە دەبێ، ئەندامانی كورد لە لێژنەكە برێتین لە رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیران و فوئاد مەعسوود سەرۆكی فراكسۆنی هاوپەیمانیی كوردستان\"" تەیفوور گوتی.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، دوای ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە هەر لەم هەفتەیە، جەلال تاڵەبانی سەركۆمار بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا دەكا.
بەپێی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرێ تاڵەبانی رۆژی دووشەمی داهاتوو بۆ چارەسەری پزیشكی سەردانی ئەڵمانیا بكا و چەند رۆژێكیش لەوێ دەمێنێتەوە.
ئێستە عێراق بە تەنگژەیەكی سیاسیدا تێپەڕ دەبێ، كە هەندێ لە سیاسەتوانانی عێراق بە مەترسیدارترین تەنگژەیان داناوە لە 8 ساڵی رابردوودا، ئەویش بەهۆی ناكۆكیی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و عێراقییەی ئەیاد عەلاوی."
