مەحمود عوسمان: ئەگەر کۆنگرەی نیشتمانی ئامادەکای بۆ نەکرێت, نەبەسترێت باشترە
لەلێدوانێکدا مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: ئەگەر کۆنگرەی نیشتمانی ئامادەکاری باشی بۆ نەکرێت ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات , بەڵام ئەگەر پێش کۆنگرەکە کۆبوونەوە لەنێوان لایەنەکان ئەنجام بدرێت وبگەنە رێککەوتنێک ئەوکات ئەنجامێکی باشی دەبێت , بۆیە پێم باشە ئەگەر ئامادەکاری بۆ کۆنگرە نەکرا ئەوکات نەبەسترێت باشترە.
وتیشی: پێویستە پێش کۆنگرەکە بەڵێن لە لایەنەکان وەربگیرێت کە نەرم و نیانی بنوێنن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک و رێککەوتنێک ھەبێت لەسەر شوێنی ئەنجامدان و ئەجێندای کۆنگرەکە.
عوسمان ئاماژەشیدا: گرنگە سەرۆکی ھەرێمی بەشداری بکات چونکە لیستی عێراقییە دەڵێن کاتی بەشداری کۆنگرەی ھەولێرمان کردوە و پابەندبووین بەبەندەکانی کە سەرۆکی ھەرێمی سەرپەرشتی دەکرد بۆیە بوونی لەکۆنگرەکە قورساییەکی زیاتری دەداتێ بەحوکمی ئەوەی خاوەنی رێککەوتننامەی ھەولێرە.
روونیشکردەوە: بەشداری نەکردنی سەرۆکی ھەرێمی زیاتر پەیوەندی بەچەند لایەنێک ھەیە لەوانە متمانەی بەحکومەتەکە نییە , جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی ھەولێر, داواکاریەکانی کورد جێبەجینەکراوە و ھەروەھا لایەنی ئەمنیش کاریگەری خۆی ھەیە.
ھەروەھا وتیشی: بەرای من پێویستە رێککەوتننامەی ھەولێر بکرێتە بناغە بۆ ئەم کۆنگرەیە و دەکرێـت دەستکاری ھەندێ لەبەندەکانی بکرێت بەڵام نابێت پشت گوێ بخرێت, چونکە ئەگەر کۆنگرە سەرکەوتوو نەبێت ئەوا دەوڵەتانی دراوسێ دەست لەکاروباری عێراق وەردەدەن وەک تورکیا و ئێران ئەوکاتیش کێشەکە دەبێتە کێشەی دەوڵەتان.
