جۆن ماكین: دابه‌شبوونی عیراق دوور نییه

جۆن ماكین: دابه‌شبوونی عیراق دوور نییه
جۆن ماكین ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی و دابه‌شبوونی عیراق بۆ سێ هه‌رێمی جیاواز به‌دوور نازانێت.

له‌میانه‌ی مونازه‌ره‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا جۆن ماكین رایگه‌یاند:بڵاوبوونه‌وه‌ی میلشیاو گروپه‌كانی مه‌رگ له‌عیراق و هه‌ڵكشانی نائۆقره‌یی له‌نێوان ناوچه‌ كوردییه‌كان و به‌شه‌كانی تری عیراق و هه‌ڵهاتنی تاریق هاشمی بۆ كوردستان به‌ڵگه‌ی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌.
ماكین له‌و مونازه‌ره‌ ته‌له‌فیزیۆنیه‌دا وتیشی عیراق به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌چێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌و هه‌زاران هاووڵاتییه‌ ئه‌مریكاییانه‌ی له‌م وڵاته‌دا كارده‌كه‌ن.
هاوكات ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پارتی كۆماری به‌رپرسیارێتی تێكچوونی بارودۆخی عیراقی خسته‌ ئه‌ستۆی ئیداره‌ی باراك ئۆباما و وتیشی من رێزم بۆ لیون پانیتای وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌م هه‌یه‌ و پێی سه‌رسامم به‌ڵام درك به‌وه‌ ناكات كه‌ بارودۆخی عیراق ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌بات.
Top