مارتن كۆبلەر: نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لە دۆخی عێراق

مارتن كۆبلەر: نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لە دۆخی عێراق
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕای گەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لە بارودۆخی ئێستەی عێراق.

مارتن كۆبلەر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەم لە شاری هەولێر ڕای گەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لە بارودۆخی ئێستەی عێراق، داوا لە لایەنە سیاسی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق دەكەین خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە لە نێوان خۆیان.

ئاماژەی بەوەش دا، وەك نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە كۆنگرەی نیشتمانیی پێشنیازكراو دەكەین، عێراق دەستوورێكی هەیە، ئەم دەستوورە باسی لە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆی و سەروەریی یاسای كردووە، زۆر گرینگە لایەنەكان بە گیانی هاوبەش و دانوستاندن و ڕێككەوتن كار بكەن لەگەڵ یەكتر.

زیاتر گوتی، پێویستە سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەگەڵ یەك كۆ ببنەوە و گفتوگۆ بكەن، بڕواشم وایە ئەو كۆنگرە نیشتمانییە ئامرازێكی باشە بۆ چارەسەر و پێویستە كاركردن لەو ئەجێندایە بەگیانی هاوبەش بێت.

ئێستە عێراق بە تەنگژەیەكی سیاسیدا تێپەڕ دەبێ، كە هەندێ لە سیاسەتوانانی عێراق بە مەترسیدارترین تەنگژەیان داناوە لە 8 ساڵی رابردوودا، ئەویش بەهۆی ناكۆكیی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و عێراقییەی ئەیاد عەلاوی.

بۆ چارەسەری ئەو تەنگژەیە جەلال تاڵەبانی سەركۆمار پێشنیازی گرێدانی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بۆ سەرجەم هێزە سیاسیەكانی عێراق كرد.


-ئاكانیوز
Top