بەهۆى ململانە سیاسییەكانەوە پەسەندكردنى بودجەى عێراق دوا دەكەوێ

بەهۆى ململانە سیاسییەكانەوە پەسەندكردنى بودجەى عێراق دوا دەكەوێ
دواى مانگێك لە پەسەندكردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵى 2012 لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە، بەهۆى سەرهەڵدانى تەنگژەى سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانەوە تائێستە ئەنجوومەنى نوێنەران بودجەكەى پەسەند نەكردووە.

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە دانیشتنێكى نائاساییدا لە 5ى مانگى رابردوو (كانوونى یەكەم/دیسێمبەرى 2011) پرۆژەیاساى بودجەى 2012ى وڵاتى پەسەند كرد، كە نێزیكەى 100 ملیار دۆلارى ئەمەریكاییە و كورتهێنانى بودجەش بە 13.5 ملیار دۆلار مەزەندە كراوە.

وەزارەتى پلاندانانى عێراق جەخت لەوە دەكا دواكەوتنى پەسەندكردنى بودجە بەهۆى ناكۆكییە سیاسییەكانەوە، كاریگەریى راستەوخۆى لەسەر دۆخى خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەبێ.

عەبدولزەهرە ئەلهنداوى گۆتیارى وەزارەت بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"ئێمە خوازیار بووین لە پەسەندكردنى بودجەدا ئەمساڵ لە ساڵانى رابردوو باشتر بێ، بەڵام بەداخەوە كەشوهەوا سیاسییەكە پەسەندكردنى بودجەى دوا خست\"" و هیواى خواست سەرەتاى مانگى داهاتوو دوا وادە بێ بۆ پەسەندكردنى بودجە.

هەروەها روونى كردەوە، وەك دەستپێشخەرییەك وەزارەتى پلاندانان رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیرانى وەرگرتووە تا دەسەڵاتى خەرجكردنى بودجەى وەبەرهێنان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییە بەردەوامەكان درێژ بكرێتەوە، بۆ ئەوەى بەهۆى دواكەوتنى بودجەوە ئەو پرۆژانە نەوەستن.

بەڵام لیستى دەوڵەتى یاسا پێى وایە لە پەسەندكردنى بودجەدا ناكۆكییە سیاسییەكان دەخرێنە لاوە، پێشبینیشى كرد لە چەند رۆژى داهاتوودا بودجەكە بێتە پەسەندكردن.

سەعد ئەلمەتڵەبى سەركردەى ئەو لیستە بە (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئەندامانى لێژنەى دارایى پەرلەمان زیاتر لە دوو مانگ سەرقاڵى تاوتوێكردنى بودجە بوون لەگەڵ حكوومەتدا پێش ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیران پەسەندى بكا، دواى رەوانەكردنى پرۆژەیاساكەیش لەلایەن حكوومەتەوە، لێژنەكە لێكۆڵینەوەى لەبارەوە كردووە.

هەروەها گوتى \""هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر ئەوەى لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسییەكاندا، نابێ پەسەندكردنى بودجەكە لە ئەنجوومەنى نوێنەران دوا بكەوێ\"".

ئەوەیشى گوت ئامادەنەبوونى لایەنێكى دیاریكراو لە دانیشتنەكانى پەرلەمان، لەبەر هەر هۆیەك بێ، رێگە لە پەسەندكردنى بودجەكە ناگرێ."
Top