دەوڵەتی یاسا بەبێ مەرج ئامادەی كۆنگرەی نشتیمانی دەبێت
ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نیونەرانی عێراق(ئیحسان یاسین شاكر)، تایبەت بە ئاژانسی پەیامنیری راگەیاند: \"بەستنی كۆنگرەی نیشتیمانی كارێكی ئاسان نییە، دەبێت سەرجەم لیستەكان خۆیانی بۆ ئامادە بكەن و زۆر دوور نییە ئەو كۆنگرەیە مانگێك بخایەنێت. ئێمە وەك لیستی دەوڵەتی یاسا وهاوپەیمانیی نیشتیمانی، یەكەم لایەنین داوای بەستنی كۆنگرەی نشتیمانیمان كردووە و پێمان باشە سەرۆككۆمار داوای بەستنی كۆنگرەی كردووە.\""
(ئیحسان یاسین)، گوتیشی كە ئەوان وەك لیستی دەوڵەتی یاسا بۆ كۆنگرە هیچ مەرجێكمان نییە، داوایشی لە لیستەكانی تریش كرد بەبێ مەرج ئامادەی كۆنگرەی نیشتیمانی بن.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا، روونی كردەوە كە ناكرێت مەسەلەی (تاریق هاشمی) بكرێتە مەرج، چونكە مەسەلەكەی ئەو دادگا یەكلایی دەكاتەوە. \""گەر (هاشمی) دەڵێت (مالیكی) لە تومەتەكانم بەشدارە با بچێتە دادگا و دان بە بەشداریكردنی (نووری مالیكی)ـدا بنێت و، گەر تومەتباریی (مالیكی)ـیشی سەلماند، دادگا شەرم لە هیچ كەسێك ناكات.\""
بۆ نزیكبوونەوە و چارەكردنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق، سەرۆككۆماری عێراق(جەلال تاڵەبانی) و پێشتریش سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، داوای كۆنگرەیەكی نیشتیمانییان كردووە.
ئەم پشێوی و قەیرانە سیاسی و ئەمنییانە دوای ئەوە دێت كە لە ناوەڕاستی مانگی 12ـی 2011 دواسەربازی ئەمەریكا لە عێراق كشایەوە و هەر دوای ئەوەیش دۆسێی بەشداریكردنی جێگری سەرۆككۆمار(تاریق هاشمی) خرایە بەردەم دادگا و بە هۆیەوە حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری دەستگیركردنی دا."
