ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2012ی وڵات دەكا

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2012ی وڵات دەكا
پەرلەمانتارێكی‌ عێراق لەسەر لیستی‌ هاوپەیمانیی‌ كوردستان ڕای گەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی‌ عێراق كۆ دەبێتەوە ‌و جگە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ 20 پڕۆژەیاسای تر دەكا.

شوان محەمەد تەها بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا خوێندنەوەی‌ دووەم بۆ پڕۆژەیاسای‌ بودجەی‌ گشتیی‌ ساڵی‌ 2012ی‌ عێراق دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، لە كاتی‌ خوێندنەوەی‌ دووەم بۆ پڕۆژەیاسای‌ بودجەكە، گفتوگۆ لەسەر ئەو بڕگانەی‌ بودجەكە دەكرێت كە تێبینی ‌‌و ڕەخنەیان لەسەری‌ هەیە.

پەرلەمانتارەكەی لیستی‌ هاوپەیمانیی‌ كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بێجگە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، خوێندنەوەی‌ یەكەم ‌و دووەم بۆ 20 پڕۆژەیاسای تر دەكات.

پێوەست بەم باسەوە، سامان فەوزی پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2012ی عێراق دەكرێت، هاوكات خوێدنەوەی یەكەم و دووەم بۆ 20 پڕۆژەیاسای تر دەكرێت.

رۆژی 5ی مانگی رابردوو حكوومەتی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا بودجەی 2012ی وڵاتی پەسند كرد كە دەگاتە 100 ملیار دۆلار (نێزیكەی 117 ترلیۆن دیناری عێراقی) و بەكورتهێنانێك كە دەگاتە 13.5 ملیار دۆلار (نێزیكەی 17 ترلیۆن دینار).
Top