موتڵەگ: مالیكى دیكتاتۆرە

موتڵەگ: مالیكى دیكتاتۆرە
ساڵح موتڵەگى جێگرى سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ كاروبارى خزمەتگوزاری، ئەمڕۆ پێنجشەم جارێكى تر نوورى مالیكی سەرۆك وەزیرانى وەسف كرد بەوەى \"دیكتاتۆر\""ـە و تواناى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى نەماوە، هەروەها ئاماژەى بەوە دا مالیكى بۆى نییە مۆڵەتى كراوە بداتە وەزیرەكانى لیستى عێراقییە.

دواى ئەوەى مانگى رابردوو موتڵەگ لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تۆڕى هەواڵى (سی ئێن ئێن)ى ئەمەریكایى مالیكى بە \""دیكتاتۆر\"" وەسف كرد، ئەمەى دوایى داواى لە پەرلەمانى عێراق متمانە لە موتڵەگ وەربگرێتەوە، دواتریش یەكلایەنە لە پۆستەكەى لایدا و فەرمانى دا رێگە نەدەن بێتە ناو تەلارى ئەنجوومەنى وەزیران.

دوێنێ چوارشەمیش مالیكى بە بڕیارێك مۆڵەتى كراوەى دایە شەش وەزیرى عێراقییە كە ماوەیەكە بایكۆتى دانیشتنەكانى ئەنجوومەنى وەزیرانیان كردووە و ژمارەیەك لە وەزیرەكانى ترى كابینەكەى بۆ بەڕێوەبردنى ئەو وەزارەتانە راسپارد.

موتڵەگ ئەمڕۆ بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \""مالیكى لە رووى یاساییەوە مافى ئەوەى نییە مۆڵەتى كراوە بداتە وەزیرەكانى عێراقییە و هاوڕێ وەزیرەكانیان لە جێیان دابمەزرێنێ\"".

هەروەها گوتى \""ئێستە تاكڕەوى و دیكتاتۆرییەك هەیە كە بە دەگمەن عێراق شتى واى بەخۆوە دیبێ، هەروەها ئاڵۆزى و گوتارێكى گرژ لەئارادایە، بەتایبەت لە مالیكییەوە\"".

لەبارەى بابەتى سەندنەوەى متمانەیش لە ناوبراو، موتڵەگ جەختى كرد \""هیچ دەسەڵاتێكى لەم جۆرە بوونى نییە و لە هیچكام لەو رێكەوتنامانەیشدا كە لەسەر بناغەیان حكوومەتەكەى مالیكى پێك هات شتى وا نییە\"".

هەروەها هیواى خواست \""مالیكى رازى بێ بەوەى حكوومەت هەڵبوەشێتەوە و حكوومەتێكى نوێ پێك بێ\"". "
Top