حكوومەتى عێراق مۆڵەت دەداتە 6 وەزیرى عێراقییە و جێگرەوەیان بۆ دادەنێ
دواى گرژییەكانى ئەم دواییەى نێوان هەردوو لیستى عێراقییە و دەوڵەتى یاسا، عێراقییە ئامادەبوونى پەرلەمانتار و وەزیرەكانى لە دانیشتنەكانى پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد.
مانگى رابردوو مالیكى وریایى دایە وەزیرەكانى عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایاندەدا.
مەریم ئەلڕەیس راوێژكار لە نووسینگەى سەرۆك وەزیرانى عێراق، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى دا مۆڵەت بداتە ئەو وەزیرانەى عێراقییە كە ئامادەى دانیشتنەكانى نابن و بەشێوەیەكى كاتى وەزیرى تر بۆ بەڕێوەبردنى كارەكانیان دابنێ\"".
هەروەها ئاماژەى بەوە دا هەردوو وەزیرى كشتوكاڵ (عیزەدین ئەلدەولە) و پێوەندییەكان (محەمەد عەلاوى) لە لیستى عێراقییە مۆڵەتى رەسمیی ئەنجوومەنى وەزیرانیان هەیە.
رەیس روونى كردەوە، ئەنجوومەنى وەزیران داواى لە عەلى ئەدیب وەزیرى خوێندنى باڵا كرد وەزارەتى پەروەردە بەڕێوە ببا، هەروەها عەلى شوكرى بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى دارایى، خەیروڵا بابەكر وەزیرى بازرگانى بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى پیشەسازى، سەركۆن سڵێوە وەزیرى ژینگە بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى زانست و تەكنەلۆجیا، سەفائەدین سافى وەزیرى دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى دەوڵەت بۆ كاروبارى پارێزگەكان و حوسێن شەهرستانى بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى كارەبا دەستنیشان كران.
زیاتر گوتى \""ئەو رێوشوێنە زۆر درێژە ناكێشێ، ئەگەر وەزیرەكانى عێراقییە سوور بوون لەسەر بایكۆتكردنى دانیشتنەكانى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەوا سەرۆك وەزیران بەپێى دەستوور مافى ئەوەى هەیە لەكار لایان بدا\""."
