نوجێفی داوا لە تاڵەبانی دەكا تەنگژەی وڵات چارەسەر بكا

نوجێفی داوا لە تاڵەبانی دەكا تەنگژەی وڵات چارەسەر بكا
ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق كرد لە چوارچێوەی ئەو كۆنگرە نیشتمانییەی كە داوای سازكردنی كردووە، تەنگژەی ئێستەی وڵات چارەسەر بكا.

نوجێفی دوێنێ دووشەم لە وتەیەكی بۆ عێراقییەكان بەبۆنەی تەواوبوونی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا گوتی، ئەو كۆنگرە نیشتمانییە گشتییەی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق داوای سازكردنی كردووە تاكە رێگەیە بۆ دەرچوون لەو تەنگژە سیاسییەی كە ئێستە عێراق تێی كەوتووە.

هاوكات نوجێفی داوای كرد واز لە تایەفەگەری بهێنرێت و عێراق بگەیەنرێتە سەروەریی تەواو.

باسی لەوەش كرد، گەلانی عێراق رێگە نادەن یاری بە دەستكەوتە مێژوویییەكانیانەوە بكرێت.

جێی ئاماژەیە دوای دەركردنی یاداشتی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەند كردەوەیەكی تیرۆیستی و پێشكێشكردنی داواكارییەك لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ساڵح موتڵەگی جێگری، تەنگژەیەكی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و پێوەندیی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە دۆخێكی گرژدایە.
Top