عێراقییە مەرجی تری هەیە
رۆژی 27ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و رێك كەوتن لەسەر بەستنى كۆنگرەیەكى نیشتیمانى گشتیى بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان بەئامانجى چارەكردنى پرسەكانی پێوەست بە بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دانانى رێگەچارەیەكى هەمیشەیى كە پرۆسەى سیاسی دوور بخاتەوە و بیپارێزێت لەو زنجیرە تەنگژانەی كە رووبەڕووى دەبێتەوە.
پێشتر هاوپەیمانیی نیشتمانی رای گەیاندبوو كە مەرجی ئەو بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سەرانی بارستە سیاسییەكان ئەوەیە كە لە كۆبوونەوەكەدا كێشەی هاشمی باس نەكرێ. مەرجی لیستی عێراقییەش ئەوەبوو كە دەبێ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بەشداری بێ.
وەحدە جومەیلی ئەندامی لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لیستی عێراقییە پشتگیری لە دیالۆگی نێوان بارستە سیاسییەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئێستەی وڵات، بەڵام بۆ بەشداریكردن لە هەر كۆبوونەوە و دەستپێشخەرییەكەدا مەرجی خۆی هەیە.
جومەیلی زیاتر گوتی، دیارترین مەرج ئەوەیە كە كێشەی هاشمی و موتڵەگ بەنهێنی باس بكرێ و كارنامەی كۆبوونەوەكان بۆ گەلی عێراق رابگەیەنرێ، هاوكات چەند لێژنەیەك بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانی كۆبوونەوەكان پێك بهێنرێ و كاتیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو راسپاردانە دیاری بكرێ.
جومەیلی دووپاتی كردەوە كە ئەو كۆنگرە نیشتمانییەی بڕیارە بێتە ئەنجامدان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی هاشمی و موتڵەگە.
جێی ئاماژەیە دوای دەركردنی یاداشتی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەند كردەوەیەكی تیرۆیستی و پێشكێشكردنی داواكارییەك لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ساڵح موتڵەگی جێگری، تەنگژەیەكی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و پێوەندیی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە دۆخێكی گرژدایە.
