جەعفەر ئیمنكی: گرنگ بە لای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە ئاشتبوونەوەی کۆی پێکهاتە سیاسییەکانە

جەعفەر ئیمنكی: گرنگ بە لای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە ئاشتبوونەوەی کۆی پێکهاتە سیاسییەکانە
گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت گرنگ بە لای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە ئاشتبوونەوە و رێککەوتنە لە نێوان کۆی پێکهاتە سیاسییەکان و کۆنگرەی نیشتیمانیی عێراقیش لە هەر کوێیەک بێت سەرۆک (بارزانی) تێیدا ئامادا دەبێت.


گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان (جەعفەر ئیمنكی)، بە ئاژانسی پەیامنێری ڕاگەیاند کە گرنگ بە لای کورد و سەرکردایەتییەکەیەوە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیریی سیسی و ئاساییشە لە عێراقدا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)-یش لە پەرۆشییەوە بۆ دۆخی نەخوازراوی ئێستای عێراق کە پێیدا ڕەت دەبێت، خواستی ئەوەیە کە هەمووان ئامادەیییان تێدا هەبێت بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتیمانی، ئینجا کۆنگرەکە لە هەر کوێیەک بێت.

ئەو گوتی ئەگەرچی شوێن بۆ کۆنگرە بە لای کوردەوە وەک مەرج لێی نەڕوانراوە، بەڵام مەبەستمانە کە کۆنگرە بۆ لێکنزیکبوونەوە و ئاشتی و ئارامی بێت، هاکات هەموو لایەن و پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن و تەنیا بۆ کۆبوونەوەیش نەبێت. بەڵکوو مەبەستمانە کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ڕۆحی یەکدی قبووڵکردنەوە کۆ بببنەوە.

ئەم لێدوانەی دوای ئەوەیە کە دەوڵەتی یاسا بسنەکردنی دۆسێی (تاریق هاشمی) وەک پێشمەرجی کۆبوونەوە خستووەتە ڕوو و ثێی وایە کە دەبێت لەمەیاندا یاسا کاری خۆی بکات.

سەركردە سیاسییەکانی كورد پێشتر هۆشدارییان دابوو لەوەی کە بۆ قۆناغی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، ئەگەری هاتنەئارای تەنگژەیەکی سیاسی دوور نابینرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە چاودێرانی سیاسی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ عێراقییەكان بە مەترسی و دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی هێزی تاكڕۆیانە و لە لایەكی دیكەیشەوە مەترسیی مەزهەبی بۆ خۆزاڵكردن و تۆڵەسەندنەوەی مێژوویی، وەک هەندێکی سەرکردەکانی لیستی عێڕاقییە هێمای بۆ دەکەن، وەسف بکرێت.
Top