مالیكی بەڵێنی فرەوانكردنی دەسەڵاتی پارێزگەكان دەدا
مالیكی لە دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك هۆز و پیاوماقووڵانی پارێزگەی ئەنبار گوتی، پڵانێكمان هەیە هەموو دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ بدەینە حكوومەتە ناوەخۆییەكان.
بەڵام مالیكی ئەو دەسەڵاتانەی جیا كردەوە كە پێوەندییان بە سەروەری، تەناهی، سیاسەتی دەرەوە و دابەشكردنی سامانەكانی وڵات هەیە و ئاماژەی كرد، پێویستە ئەو دەسەڵاتانە ناوندی بن بۆ ئەوەی بەیەكسانی بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا بێنە دابەشكردن.
دەستووری عێراق رێگە بەدروستكردنی هەرێمەكان لە وڵات دەدا بەو مەرجەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەكە یان یەك لەسەر دەی دەنگدەران بەر لە ئەنجامدانی راپرسی داوای بكەن.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی سەڵاحەدین و دیالە بەهەرێمبوونی پارێزگەكانیان راگەیاند، ناڕەزاییی هەندێ لایەنی لێ كەوتەوە و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی كە پڕۆژەی بەهەرێمبوون ئێستە رەتكراوەیە، چونكە وڵات دەخاتە ناو ناكۆكی و شەڕی تایفایەتییەوە.
