سەردانەكەى بایدن بۆ عێراق بووە جێی رەخنەی سەدریەكان
دوێنێ سەرچاوەگەلی سیاسیی عێراق ئاشكرایان كرد كە جێگری سەركۆمارى ئەمەریكا لەگەڵ پەرەسەندنە سیاسییەكانى وڵات سەردانی عێراق دەكا.
پێشتر بایدن لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەك لە بارزانی و نوجێفی و مالیكی هانى داون كە هەوڵی زیاتر لە زیاتر گفتوگۆكردن بدەن تا وڵات لەو تەنگژە سیاسییە دوور بێ.
جەواد جبووری بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئەو سەردانە هەر شێوەیەك بێ و ئاراستەیەكی هەبێ ئەو كەسێكە جێگەی پێشوازی نییە، چونكە ئەو بەرپرسی وڵاتێكە كە عێراقی داگیركردووە و شتە قەدەغەكراوەكانى پێشێل كردووە.
جبوورى گوتى، سەردانەكەى لە خشتەى كارى هەردوو وەزارەتى دەرەوەى عێراق و ئەمەریكادا تۆمار نەكراوە، بۆیە بایدن رێوشوێنی یاسایی بۆ هاتنە ناو وڵاتى نەگرتووەتە بەر.
پتر گوتى، رەوتى سەدر لەگەڵ كولتوورى پاراستنی سەروەری و یەكلاكردنەوەى تەنگژە سیاسییەكانە لە ناوەخۆ بەبێ پشت بەستن بەدەستوەردانى دەرەكى، بۆیە لەسەر هەموان پێویستە گومانى باشیان بۆ ئەمەریكا نەبێ.
ماوەیەكە عێراق رووبەڕووى تەنگژەیەكی گەورە بووەتەوە و دواى دەرچوونى یاداشتی گرتنى تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار و داواى لێسەندنەوەى متمانە لە ساڵح موتڵەگى جێگری سەرۆك وەزیران دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار رۆیشت.
هەروەها دۆخى تەناهیش نا جێگیرە و لە ماوەى چەند رۆژى رابروودا زنجیرەیەك تەقینەوە بەغداى گرتووەتەوە و دەیان كوژراو و سەتان برینداری لێ كەوتووەتەوە.
