عێراقییە: هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێكە لە چارەسەرە سەركەوتووەكان

عێراقییە: هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێكە لە چارەسەرە سەركەوتووەكان
ئەمڕۆ چوارشەم گۆتیارى لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوى سەرۆكایەتیی دەكا راى گەیاند، هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنى تەنگژەی سیاسیی وڵات بەردەوامە و پێشنیازى هەڵبژاردنى پێشوەخت باشترین چارسەرەی دەرچوونە لەو تەنگژەیە.

مەیسوون دەمەلۆجی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی ناردووە بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گوتى، عێراقییە لە هەوڵەكانى بەردەوامە بۆ چاەرسەركردنى تەنگژەی سیاسیی وڵات و راستكردنەوەى ئاراستەى پرۆسەى سیاسی تا گشتگیر و هاوسەنگ بێ بۆ رێگەگرتن لە تاكڕەویى بڕیاردان لە هەر لایەنێكەوە بێ.

دەمەلۆجى گوتى، ئەوان پێیان وایە دەستپێشخەرییەكە بارستەى ئەحرار لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ چارەسەركردنى تەنگژەكە بەیەكێك لە چارەسەرە سەركەوتووەكان هەژمار دەكەن.

پتر گوتى، هەڵبژاردنى پێشوەخت دەبێ لایەن حكوومەتێكی راییكردنى كارەكانەوە سەرپەرشتی بكرێ و هەڵبژاردنێكی شەفاف و پاك بێ بەیاسایەكی روون.

دوێنێ مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتى، ئەگەر هاتوو لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی كە ئێستە وڵاتى گرتووەتەوە ئەو كات جگە لە هەڵبژاردنى پێشوەخت هیچ بژارەیەكی تر نییە.

دووشەمى رابردوو بەها ئەعرەجى سەرۆكى بارستەى ئەحرارى سەر بەرەوتى سەدر راى گەیاند، كە هەڵبژاردنى پێشوەخت باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى وڵات.

روونى كردەوە، پێویستە وادەیەك دیاری بكرێ كە خۆى لە 6 مانگ بدا، بۆ ئەوەى لە 3 مانگى یەكەمدا پڕۆژەیاسا گرینگەكانى وەك هەردوو پڕۆژەیاسای حزبەكان و هەمواركردنى یاسای هەڵبژاردنەكان پەسند بكرێن.

ئەو ئەندامەى رەوتی سەدر ئاماژەى كرد كە 3 مانگەكەى تر بۆ دیاریكردنى ئەندامانى كۆمیسیۆنى تازە بێ و تا دەست بكەین بەهەڵبژاردنى پێشوەختە.
Top