ئەمەریكا پێشوازی لە رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان و عێراق لەبارەی كەمپی ئەشرەف دەكا
هیلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەك كە لە وارگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتە بڵاوكردنەوە گوتی، پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین و ئیمزاكردنی رێككەوتن لە نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق لەو بابەتەوە پێشكەوتنێكی گەورەیە و هەنگاوێكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەی دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف كە گواستنەوەی كاتی ئەوان بۆ سەربازگەی پێشووی لیبرتی لەخۆ دەگرێ.
زیاتر گوتی، خۆشحاڵین بەئامادەسازی حكوومەتی عێراق بۆ پابەندبوون بەو رێككەوتنە و چاوەڕوان دەكەین هەموو بەرپرسیارەتییەكانی لە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكا بەتایبەتی پاراستنی سەلامەتی دانیشتوانی كەمپەكە و هەروەها پێشوازی لە رەزامەندیی حكوومەتی عێراق بۆ رەوانەكردنی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەرپەرشتیكردنی گواستنەوەی دانیشتوانی كەمپەكە و بەرپرسانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانی شوێنی نوێی دانیشتوانی كەمپەكە دەكەن.
وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی كردەوە كە رێكخراوی كۆچی ناودەوڵەتی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گواستنەوەیان لە عێراق و دۆزینەوەی وڵاتی تر، وەك تاك مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف دەكا.
كامل ئەمین گۆتیاری وەزارەتەكە بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دانیشاوانی كەمپی ئەشڕەف دەتوانن پەنا بۆ وڵاتی سێیەم یان ئێران ببەن بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران بەڵێنی پاراستنی سەلامەتی ئەوانی دا و ئاماژەی كرد، دۆزینەوەی جێگرەوەی عێراق بۆ دانیشتوانی گەمپەكە ئەركی رێكخراوی كۆچە.
زیاتر گوتی، ئێستە رێكخراوی كۆچ تاوتوێی فایلی دانیشتوانی كەمپەكە وەك تاك دەكا، بەمەبەستی دۆزینەوەی وڵاتی تر بێجگە لە عێراق بۆ لەخۆگرتنیان و ئاماژەی كرد، تا ئێستە وڵاتێك بۆ گواستنەوەیان هەموو دانیشتوانی كەمپەكە دیاری نەكراوە.
ئەمین روونی كردەوە، عێراق لەسەر درێژكردنەوەی مانەوەی دانیشتوانی كەمپەكەی بۆ 6 مانگی تر رازی بووە لە بەرامبەر دۆزینەوەی شوێنێكی تر بۆیان لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان و عێراق یاداشتێكی لێكگەیشتنیان بۆ چارەسەركردنی دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف ئیمزا كرد و هەفتەی رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە وڵاتەكەی رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی مانەوەی دانیشوانی كەمپەكەی بۆ 6 مانگی تر داوە بەو مەرجەی تا كۆتای ساڵ 400-800 لە دانیشتوانی كەمپەكە بۆ وڵاتانی تر بگوازێتەوە.
لە ساڵانی هەشتاكانەوە 3 هەزار و 500 ئەندامی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی لە كەمپی ئەشڕەف لە پارێزگەی دیالە نیشتەجێن و بەو هۆیەی یارمەتی حكوومەتی پێشووی عێراقییان داوە بۆیە لە دوای 2003ەوە دووچاری پاڵەستۆ هاتنەوە و لەلایەن حكوومەتی عێراق تا كۆتای ئەمساڵیان بۆ چۆڵكردنی كەمپەكە بۆ دیاری كرا.
