سەرۆكی هەرێم: هەڵبژاردنى پێشوەخت یەكێكە لە ئەگەرەكان

سەرۆكی هەرێم: هەڵبژاردنى پێشوەخت یەكێكە لە ئەگەرەكان
ئەمڕۆ سێشەم سەرۆكى هەرێمی كوردستان وریادارى دا لەبارەى دروستبوونى شەڕی تایەفی و ئاماژەى كرد كە ئەم تەنگژەیە مەترسیدارترین تەنگژەیە لە مێژووى عێراق هەروەها گوتى، ئەگەر هاتوو بارستە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێككەوتن ئەو كات دەبێ پەنا ببردرێتە بەر هەڵبژاردنى پێشوەخت.

ئەمڕۆ كەناڵی جەزیرەى ئاسمانى لەسەر زارى مەسعوود بارزانى بڵاوى كردەوە، ئەگەر هاتوو لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی كە ئێستە وڵاتى گرتووەتەوە ئەو كات جگە لە هەڵبژاردنى پێشوەخت هیچ بژارەیەكی تر نییە.

بارزانى لەو دیمانەیەدا ئاماژەى دەكا ئەم تەنگژەیەی ئێستە مەترسیدارترین تەنگژەیە لە دواى ساڵی 2003 هەروەها وریاداریی شەڕی تایەفی دا.

دووشەمى حەوتووى رابردوو دادگەیەكی عێراقی یاداشتی گرتنى تاریق هاشمیی دەركرد بەتۆمەتى تێوەگلانى بەئەنجامدانى هێرشی چەكدارى لە دژی بەرپرسانى حكوومەتى.

لە بەرامبەردا هاشمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پیرمام لە باكورى هەولێر ئەو تۆمەتانەى بەپاش دایەوە و داواى كرد لێكۆڵینەوە، فایلەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێم.

هەروەها 20ى ئەم مانگە وەزارەتى ناوەخۆى عێراق دان پێدانانى 3 پاسەوانى هاشمی پێشان دا و تێیدا ئەوانە گوتیان كە لەسەر راسپاردنى هاشمی چەندان كردەى كوشتن و تەقاندنەوەى بۆمبی چێنراویان ئەنجام داوە.

دواى ئەو رووداو و پێشهاتە سیاسییانە دۆخى سیاسی وڵات بەرەو مەترسی دەچێ و پەرلەمانتارانى لیستی عێراقییە /91 كورسی/ كشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان راگەیاند، هەروەها وەزیرانى سەر بەهەمان لیست هەمان هەنگاویان گرتەبەر.
Top