ئەمیندارى بەغدا رەخنە لە شێوازى لێپرسینەوەى لەبارەى فایلەكانى گەندەڵی دەگرێ
سابیر عیساوى بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، شێوازى لێپرسینەوەكەم لە ناو پەرلەمانى عێراقدا ناسەركەوتوو بوو لەبەرئەوەى ئەو زانیارییانەى كە شێروان وائیلی ئەندامى لێژنەى پاكوەری (نەزاهە)ى پەرلەمان خستنییە ڕوو ناراست و ئامارەكانیش دروست نەبوون.
لە 28ى مانگى رابردوو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر كۆمەڵێك فایلی گەندەڵی كە لەلایەن لێژنەكەى پاكوەرییەوە هاتنە ئاشكراكردن، عیساوى لە پەرلەمان لێپرسینەوەى لەگەڵدا كرا.
عیساوى گوتى، وائیلی لە كاتى شیكردنەوەى فایلەكان باسی شوێن و بڕگەى نایاسایی فایلەكانى نەكرد، هەروەها ئاماژەى كرد كە بەپشت بەستن بەشارەزایان دەركەوتووە ئەو فالانەى خرانە روو هیچ پێشێلكارییان تێدا نەبووە نەك لە گرێبەستەكان و نە لەكاتى جێبەجێكردندا.
عیساوى گوتى، گرێبەست لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەكی خەیاڵیدا نەكراوە و ئەو ئامارانەى كە لێژنەى پاكوەرى خستنیە روو نیوەیان دوو ئەوەندە زیاد كرابوون و نیوەكەی تریشی كەمكرابوونەوە.
لەو لیپرسینەوەى ئەنجوومەنى نوێنەراندا شێروان وائیلی 25 پرسیارى ئاراستەى ئەمینداری بەغدا كرد.
