عێراقییە بانگهێشتنی مالیكی بۆ كۆبوونەوەی سەرانی بارستە سیاسییەكان رەت دەكاتەوە
كۆتای هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی بانگهێشتنی سەرانی بارستە سیاسییەكانی كرد بەمەبەستی سازدانی كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی تەگژەی سیاسی و تەناهیی وڵات.
وەحدە جومەیلی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند لیستی عێراقییە بانگهێشتنێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەبارەی سازدانی كۆبوونەوەیەك بۆ سەرانی بارستە سیاسییەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی تەنگژەی ئێستەی وڵات رەت كردەوە، چونكە بارستە سیاسییەكان فەرمانبەری حكوومەت نین تا ئەنجوومەنی وەزیران بانگهێشتنیان بكات.
جومەیلی روونی كردەوە \"وا باشتر بوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سیفەتی سەرۆكی حزبی دەعوە بانگهێشتنی سەرانی بارستە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە، نەك وەك فەرمانێك كە لە ئەنجوومەنی وەزیراندا دەربچێ\"".
جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی تۆمەتباركردنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە بە تێوەگلان لە چەند كردەوەیەكی \""كوشتن و چاندنی بۆمب\""دا، تەنگژەیەكی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و پێوەندیی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە دۆخێكی گرژدایە.
رۆژی 17ی ئەم مانگە لیستی عێراقییە وەك ناڕەزایی بەرامبەر مامەڵەی حكوومەت لە بەهەرێمبوونی هەردوو پارێزگەی سەڵاحەدین و دیالە و شێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی، ئامادەبوونی سەرجەم پەرلەمانتارانی لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵپەسارد."
