كۆتای ئەم مانگە پاشماوەكانى بەعس مانۆڕی چەكدارى ئەنجام دەدەن
سەرچاوەیەكى باڵا لە پۆلیسی كەركووك بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بەپێی زانیارییەكانی بەدەستمان گەیشتووە، گرووپی تیرۆریستی بەناو نەقشبەندی و هەندێك لە پاشماوەكانى حزبى بەعسى هەڵوەشاوە، لە كۆتای ئەم مانگەدا مانۆڕێكی چەكداری لە ناوەندى شارۆكەى حەویجە ئەنجام دەدەن.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ، ئەوەیشى راگەیاند، حزبى بەعسى هەڵوەشاوە لە سنوورى شارۆكەى حەویجە خاوەن پێگەیەكى بەهێزە و چەندان جاریش باڵى (عیزەت دوورى) حزبی بەعس كۆبوونەوەیان لەو شارۆكەیە ئەنجام داوە، لەو مانۆڕە چەكداریەدا ترس لە دووبارە سووتاندنەوەى بارەگەكانی حكوومەتی حەویجە هەیە.
ئەم زانیارییانە لە كاتێكدان بەرپرسانی تەناهیی كەركووك ئامادە نین لێدوانی لەو بارەیەوە بدەن.
لە 25 شوبات/فێبرایەری رابردوو بەگوتەی بەرپرسانی تەناهیی كەركووك هەندێك لە پاشماوەكانى حزبى بەعس و گرووپەكانی تیرۆریستی هێرشیان كردە سەر چەند داوودەزگەكانی حكوومەتى حەویجە و سووتاندیان، ئەو رووداوە مەترسی لای هەرێمی كوردستان دروست كرد و هێزی پێشمەرگە بەئاراستەی كەركووك جووڵەی پێ كرا.
"
