كۆنگرەى لوتكه‌ی عه‌ره‌بی لە كاتى خۆیدا لە بەغدا دەبەسترێ

كۆنگرەى لوتكه‌ی عه‌ره‌بی لە كاتى خۆیدا لە بەغدا دەبەسترێ
ئەنجوومەنى كۆوەندى عەرەبی دووپاتى كردەوە، كۆنگرەى لوتكەى عەرەبی لە وادەى دیاریكراوى خۆى لە ئادار/مارسی 2012 لە بەغداى پایەتەختى عێراق دەبەسترێ.

قەیس ئەلعەزاوى نوێنەرى عێراق لە كۆوەندى عەرەبی دواى تەواوبوونى كارەكانى كۆبوونەوەى نوێنەرانى وڵاتانى عەرەبى لە قاهیرە، بە رۆژنامەى (الصباح)ى عێراقى راگەیاند \"سەرجەم دەوڵەتانى عەرەبی پێشوازییان لە گرێدانى كۆنگرەى لوتكەى عەرەبی لە بەغدا لەكاتى خۆیدا كرد\"".

هەروەها گوتى \""نەبیل ئەلعەرەبی ئەمیندارى گشتیى كۆوەندى عەرەبی راپۆرتێكى تێروتەسەلى لەبارەى سەردانەكەى بۆ عێراق و ئامادەكارییەكانى حكوومەتى عێراق بۆ میوانداریكردنى كۆنگرە خستە روو\"".

عەزاوى ئاماژەى بەوەیش دا بڕیارە عێراق بە 10 چاودێر بەشدارى بكا لەو تیمانەى بەپێى پرۆتۆكۆلى نێوان كۆوەند و سووریا، بڕیارە لە سبەى پێنجشەمەوە بۆ لەنێزیكەوە ئاگەداربوون لە دۆخى سووریا سەردانى ئەو وڵاتە بكەن.

كارى تیمى چاودێرانى كۆوەند، كە چاودێرانى ئەمنى و یاسایى و مافى مرۆڤ لەخۆ دەگرێ، ماوەى مانگێك دەخایەنێ كە دەكرێ نوێ بكرێتەوە.

لە 8ى ئەم مانگەدا ئەمیندارى گشتیى كۆوەندى عەرەبی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیرانى عێراق كۆ بوویەوە.

ئەمیندارى كۆوەند رەزامەندى پێشان دا عێراق میانگیرى لەنێوان رێژیمى سووریا و كۆوەندا بكا بۆ جێبەجێكردنى دەستپێشخەرییەكەى كۆوەند بۆ چارەسەرى تەنگژەى ئەو وڵاتە و بڕیار درا شاندێكى عێراقى بۆ ئەو مەبەستە سەردانى سووریا بكا."
Top