هاشمى میوانى سەرۆكى هەرێمە و بەدەستەوە نادرێ

هاشمى میوانى سەرۆكى هەرێمە و بەدەستەوە نادرێ
فوئاد حوسێن سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەى (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)ى لەندەنى راى گەیاند، تاریق هاشمیى جێگرى سەركۆمار لە میوانداریى سەرۆكى هەرێمدایە و دانەوەى بە بەغدا لەئارادا نییە.

دوێنێ سیشەم هاشمى گەیشتە شارى هەولێر و لەگەڵ مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێم كۆ بووەوە، ئەوەیش دواى رۆژێك لە دەرچوونى فەرمانى گرتنى لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقەوە بەتۆمەتى تێوەگلان لە كارى تیرۆریستى.

هاشمى دوێنێ لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا ئەو تۆمەتانەى رەت كردەوە كە لە دانپێدانانى پاسەوانەكانیدا دراونەتە پاڵى و راى گەیاند دادوەریى عێراق بەسیاسی كراوە و بێلایەن نییە، هاوكات داواى كرد فایلى لێكۆڵینەوەكەى بۆ هەرێمى كوردستان بگوێزرێتەوە.

كردەوەگەلى بەغدا لە بەیاننامەیەكدا راى گەیاند هێزە ئەمنییەكان پابەندن بە فەرمانى گرتنى هاشمى لە هەمو ناوچەكانى عێراق بەبێ جیاوازى.

لە بەرامبەردا فوئاد حوسێن سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتیى هەرێم راى گەیاند \"ئەگەر دەسەڵاتدارانى دادوەریی عێراق قایل بن هەرێمى كوردستان ئامادەیە دادگەییكردنێكى دادپەروەرانە لەو بارەوە دەستەبەر بكا، بابەتەكە بابەتێكى یاساییە نەك سیاسی تا هەرێم هەڵوێستى جیاوازى هەبێ\"".

هاوكات ئاماژەى بەوە دا هاشمى جێگرى سەركۆمارە و پێویستە لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا هەندێ رێوشوێنى یاسایى و دەستوورى هەیە رەچاو بكرێن.

لەبارەى شیمانەى بەدەستەوەدانى هاشمیش بە بەغدا، حوسێن گوتى \""بەپێى زانیاریى من هاشمى تۆمەتبارە نەك تاوانبار، جیاوازیش لەنێوان ئەو دوو شتەدا هەیە، بۆیە بەدەستەوەدانى بەهیچ شێوەیەك لەئارادا نییە\"".

هەروەها گوتى \""بەڕێز هاشمى وەك جێگرى سەركۆمارى سەردانى بارزانى كردووە، ئێستە میوانى سەرۆكایەتیى هەرێمە و مافى ئەوەى هەیە چەندى دەیەوێ و بەپێى بارودۆخى تایبەتى خۆى، بمێنێتەوە\""."
Top