تاریق هاشمی: ئامادەم بێمە بەردەم دادگە و بێ تاوانیی‌ خۆم بسەلمێنم

تاریق هاشمی: ئامادەم بێمە بەردەم دادگە و بێ تاوانیی‌ خۆم بسەلمێنم
تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین ڕای گەیاند، ئەو دان پێدانانەی لەسەری بڵاو كراوەتەوە هەموو درۆیە و بۆ لێدانی كەسایەتیی سیاسیی ئەون و دەڵێ، ئامادەم بێمە بەردەم دادگە و بێ تاوانیی‌ خۆم بسەلمێنم.

ئێوارەی ئەمڕۆ تاریق هاشمی لە هۆڵی هۆتێڵ ڕۆژ لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)یش ئامادەی بوو، تیشكی خستە سەر كێشەكانی ئەم دوایییەی عێراق و فەرمانی گرتنەكەی كە دوێنێ بۆی دەرچووە.

لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕای گەیاند من ئامادەم بۆ چوونە بەردەم دادگە بە مەرجێك دادگەكە لە هەرێمی كوردستان بێ و نوێنەرانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و یەكەتیی مافپەروەرانی عەرەب ئامادە بن، چونكە دادگەی عێراقی تێكەڵ بووە لەگەڵ سیاسەت و دەسەڵاتی نەماوە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بوومەوە و دەست پێشخەرییەكی باشی هەیە، چەند دەست پێشخەرییەكی تریش هەن ئێمە تاوتوێیان دەكەین و كامیان باش بوو دەیكەین، ئەو دان پێدانانەی لەسەر من بڵاو كراوەتەوە هەمووی درۆیە و بۆ شكاندنی كەسایەتیی سیاسیی منە و پێشێلكاریی دەستوورییە، دادگەی فیدراڵی دەبێ تۆمەت ئاراستەی جێگری سەركۆمار بكا، من بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدام دادگە ڕێچگەی خۆی بگرێتە بەر و بە هیچ شێوەیەكیش عێراق بەجێ ناهێڵم.

هاشمی ڕوونی كردەوە، ئەو كێشەیە بۆیە ئێستە لە عێراقدا هاوپەیمانیی نیشتمانی دروستی كرد، چونكە دەیانەوێ ڕێككەوتنامەی هەولێر جێبەجێ نەكەن، من غەدرم لێ كراوە، داوای لێبوردنیش لە كەسوكاری ئەوانە دەكەم كە ناویان هاتووە گوایە من كوشتوومن و ئەوەش دوورە لە ڕاستی، ئەو لایەنانە تێوەگلاون لە كاری‌ توندتیژی‌ كە سەر بە دەسەڵاتن نەك هاشمی، ناكرێ پارێزبەندی‌ لەسەر جێگری‌ سەركۆمار هەڵبگیرێ.

ئەوەشی گوت هەندێك لە وڵاتانی‌ دراوسێ دەستیان هەیە لە دروستكردنی‌ ئەو تۆمەتانە بۆم، سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق نووری‌ مالیكی‌ دەبێ بەرپرسیاریەتیی‌ دروستكردنی‌ ئەم گرژییانە بگرێتە ئەستۆ كە لە عێراقدا دروست بوون، ئەو تۆمەتانەی‌ خراونەتە پاڵم سیاسین نەك یاسایی،‌ ئامادەم بێمە بەردەم دادگە و بێ تاوانیی‌ خۆم بسەلمێنم.

هەروەها گوتی چۆن توانییان لە ماوەی‌ تەنیا 24 ساتدا ئەو هەموو تۆمەتە بخەنە پاڵ من ‌و پاسەوانەكانم لەسەر چەند كردەوەیەك كە بە درێژاییی‌ ساڵانی رابردوو هاتوونەتە ئەنجامدان، لە كاتێكدا ئەمە پێویستی‌ بە چەند مانگێك هەیە تا بەڵگە ‌و دان پێدانانەكان بەراورد دەكرێن، ئەو تۆمەت ‌و دان پێدانانە پێشوەخت هاتوونەتە ئامادەكردن، تەنانەت بەر لەوەی‌ پاسەوانەكانیشم بێنە گرتن.

دوێنێ‌ دووشەم وەزارەتی‌ ناوەخۆی‌ عێراق دان پێدانانی‌ چەند پاسەوانێكی‌ تارق هاشمیی بڵاو كردەوە، تێیدا دانیان بەوەدا ناوە كە هاشمی‌ داوای‌ لێ كردوون چەندان كردەوەی‌ تیرۆریستی ‌‌و كوشتن ‌و تەقینەوە بەرامبەر بە پارە ئەنجام بدەن. پاش ئەو دان پێدانانەش ئەنجوومەنی‌ باڵای‌ دادگەی‌ عێراق بڕیاری‌ گرتنی‌ هاشمیی بە پێی‌ مادەی‌ 4ی‌ یاسای‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ تیرۆر دەركرد.

هاشمی‌ لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی‌ بەوە دا كە چەندان نیشانەی‌ پرسیار لەسەر ئەو دان پێدانانە هەن ‌و بە ئاسانی‌ تانەی‌ لێ دەدرێ، بەتایبەتی كە \"دادگەكانی‌ عێراق بە سیاسی‌ كراون ‌و سەربەخۆبوونی‌ خۆیان لە دەست داوە، لەمبارەیەشەوە چەندان بەڵگە هەن وەك بەرتیلەكانی‌ وەزارەتی‌ بازرگانی ‌‌و چۆنیەتیی‌ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە\"" سەتان بڕیاری‌ دادوەری‌ بە هۆی‌ \""سیاسی‌‌ و گەندەڵی‌\"" نەهاتوونەتە جێبەجێكردن.

لەبارەی‌ لێكۆڵینەوەكانیش لەگەڵ پاسەوانەكانی‌ گوتی‌ لێكۆڵەرەوەكان‌ سەر بە لیوای‌ بەغدان كە سەر بە نووری‌ مالیكین ‌و كارەكانیان نیشانەی‌ پرسیاریان لەسەرە.

تاریق هاشمی‌ جەختی‌ لەوە كرد كە \""پێویستە سەرجەم فایلەكە بهێنرێتە دادگەكانی‌ كوردستان ‌و لێرەدا لێكۆڵینەوەكان بە ئامادەبوونی‌ كۆمكاری‌ عەرەبی ‌‌و یەكەتیی‌ پارێزەرانی‌ عەرەب بەڕێوە بچن.

لە بەشێكی‌ تری‌ كۆنگرەكەدا جێگری‌ سەركۆمار باسی‌ ژیانی‌ سیاسیی‌ 8 ساڵی‌ پێشووی‌ خۆی‌ كرد كە چۆن لە دژی‌ تیرۆر‌ و كاری‌ توندتیژی‌ وەستاوەتەوە. ئەوەشی‌ خسە روو كە دوو برا ‌و خوشكێكی‌ بە هۆی‌ كردەوەی تیرۆریستی‌ هاتوونەتە كوشتن، كەچی‌ ئێستە تۆمەتی‌ كاری‌ تیرۆریستیی دەخرێتە پاڵ.

هەندێ‌ لەو تۆمەتانەی‌ خراونەتە پاڵ هاشمی‌ دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی‌ 2006، لێرەدا ناوبراو پرسیاری‌ ئەوەی‌ كرد بۆچی‌ ئەم هەموو ساڵە بێ دەنگ بوون‌و قسەیان نەكرد و ئێستە ئەم تۆمەتانە دەخرێنە پاڵم كە ئەمەریكایییەكان لە عێراق دەكشێنەوە؟ ئاراستەكردنی تۆمەتەكان لە كاتێكدایە چەندان پارێزگە داوای‌ بەهەرێمبوون دەكەن، ئەمە ئەجێندای‌ سیاسیی‌ دەرەكیی‌ لە پشتە ‌و مالیكی‌ بەرپرسیاری‌ یەكەمی‌ ئەم دۆخەیە.

هاشمی‌ ئەوەشی‌ ئاشكرا كرد \""ئەوانەی‌ تۆمەتباری‌ راستەقینەن بە كوشتنی‌ هاووڵاتییان ‌و بەكارهێنانی‌ چەكی‌ بێ دەنگ ‌و كاری‌ تیرۆریستی‌، لەسەر حكوومەت ‌و هەندێ‌ لایەنی‌ سیاسیی‌ ناو حكوومەت حیسابن نەك من، لەمەشدا دەكرێ تەماشای‌ بەڵگەنامەكانی‌ ویكیلیكس ‌و راپۆرتی‌ رێكخراوە ناودەوڵەتییەكان بكەن\"".

لە یەكێ‌ لە دان پێدانانەكاندا هاتووە، هاشمی‌ فەرمانی‌ كوشتنی‌ ئەفسەرێكی‌ هاتوچۆی‌ داوە، لەمبارەیەوە ناوبراو گوتی‌ \""كێ‌ بڕوا بەوە دەكا من كارێكی‌ وا بكەم؟ من كەسێكی‌ سیاسیم، ئەگەر بمەوێ كەسێك بكوژم، دەچم سیاسییەك دەكوژم نەك ئەفسەرێكی‌ هاتوچۆ\"".

لەبارەی‌ ئەو تۆمەتەش كە دەستی‌ هەبووە لە بۆمبڕێژكردنی‌ ئۆتۆمۆبێل‌ و پشتێنی‌ بۆمبڕێژكراو، گوتی‌ باشە نابێ خەڵك بپرسێ ئەو كارانەم لە كوێ‌ كرد‌ و چۆن كردوومن؟ خۆ ئەوان دەستیان بەسەر ماڵ ‌و نووسینگەكەمدا گرت. ئەمە پلانێكی‌ داڕێژراوە ‌و ئێستە هاشمی‌ كراوە بە ئامانج‌ و سبەی كەسێكی‌ تر.

لە بەشێكی‌ تری‌ كۆنگرەكەدا هاشمی‌ رووداوەكانی‌ چەند رۆژی‌ رابردووی‌ ئاشكرا كرد كە چۆن هێزەكانی تەناهی چواردەوری‌ ماڵەكەكەیان گرتووە و باج‌ و چەكی‌ سەرجەم پاسەوانەكانیان بردووە، هەروەها چوونەتە ناو نووسینگە ‌و ماڵەكەی‌‌ و دەستیان بەسەر سەرجەم كۆمپیوتەرەكانیدا گرتووە.

هاشمی‌ رەخنەی‌ توندی‌ لە لێدوانەكانی‌ سەرۆكی‌ ئەمەریكا باراك ئۆباما گرت لە بارەی‌ ئەوەی‌ گوتبووی‌ عێراقێكی‌ دیموكرات ‌و دادگەیەكی‌ سەربەخۆیان دوای‌ خۆیان جێ هێشتووە. پرسیاری‌ كرد \""كامەیە دیموكراتییەت ‌و كامەیە دادگەی‌ سەربەخۆ؟\"".

لەبارەی‌ رۆڵێ‌ سەركۆمار جەلال تاڵبانیش هاشمی‌ گوتی‌ مام جەلال هەمیشە برایەكی‌ بەوەفا بووە‌ و هەر واش دەمێنێت، مام جەلال بەڵێنی‌ پاراستنی‌ منی‌ داوە‌ و ئێمە دڵخۆشین كە پیاوی‌ وامان هەیە.

لە بارەی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانیشەوە گوتی‌، بەڕێز سەرۆكی‌ هەرێم دەست پێشخەرییەكی‌ هەیە ‌و هیوادارین لە ڕێگەی‌ ئەو دەست پێشخەرییەوە كێشە ‌و ئاڵۆزییەكان بێنە چارەسەركردن.

لە كۆتای‌ كۆنگرەكەشدا هاشمی‌ گوتی‌، ئەوەی‌ ئێستە روو دەدا ئەجێندای‌ تایفییە، بەڵام من وەك كارێكی‌ سیاسی‌ تەماشای‌ دەكەم ‌و نامەوێ تایفییانە قسە بكەم‌، هیوادارم بە زووترین كات شكۆی جێگری‌ سەركۆماری‌ بێتە گەڕانەوە ‌و پاسەوانەكانیشم بێنە ئازادكردن، دادگە ‌و لێكۆڵینەوەكانیش بهێنرێنە هەرێمی‌ كوردستان."
Top