عەلاوی: مالیکی رەوتی سیاسی لە وڵاتدا دەکوژێت
ئەو لێدوانەی (مالیکی) بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی چەند رۆژی دووایی دێت کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی گرتووەتەوە و (مالیکی)ـش داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد کە حەسانەی جێگری سەرۆکوەزیران لە (ساڵح موتڵەگ) وەربگیرێتەوە بە گومانی ئەوەی کە \"دیکتاتۆرە\""، هەروەها ئەنجوومەنی باڵای داوەری دوێنێ دووشەممە بڕیاری گرتنی (تاریق هاشمی)ـی جێگری سەرۆککۆماری عێراقی لەبارەی پێوەندی بە کردەی \""تیرۆریستییەوە\"" دەکردووە.
(عەلاوی) لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ ماڵپەڕی ئیلاف گوتی: \""لەگەڵ نوێنەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (مارتن کۆبلەر) قسەمان کردووە کە چاودێرێکی مافی مرۆڤ لە عێراق دابنێن کە کۆبلەر لە گفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی ئەو چاودێرە بۆ ئەو تەنگژانەی ئەم دواییە کە عێراق گرتووەتەوە.
هەروەها (عەلاوی) گوتی: لەگەڵ ئەندامانی لیستەکەی لە باس و گفتوگۆدان کە بتوانن چارەسەرییەک بۆکێشەکانی ئەم دوواییە ببینەوە کە رووبەروویان بوتەوە.
لیستی عێراقییە خاوەن /82/ کورسی دووەم لیستە لە دوای هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم جەعفەری کە /150/ کورسییان هەیە لە پەرلەمان و لە کۆی/325/ کورسی پەرلەمان و ئەو لیستە بەشداریکردنی لە پەرلەمانی ولات هەڵپەساردووە تا ئەو کاتەی کە داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێ.
سەرۆکی لیستی عێراقییە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی تاریق هاشمی کراوە گوتی: ئەو تۆمەتانەی کە هەندێ لەلایەنەکان پاسەوانەکانی بە بەرپرسایەتی لە تەقینەوەکەی چەند هەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی دادەنێن دوورن لە راستییەوە\"" و ئاماژەی دا کە هاشمی کەسێکی دیارە لە رەوتی سیاسی و پیاوێکی راستگۆیە و دەسەڵاتداران ئەو کارانە دەکەن کە شەرەفی لە ئاستی سیاسییەوە بخەنە ژێر پرسیارەوە.
تاریق هاشمی لەدایکبووی /1942/ کە ئێستا لە پۆستی جێگری سەرۆکایەتیی کۆمارە و بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە ئێستا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە.
عەلاوی هۆشداریدا لەوەی کە عێراق و رەوتی سیاسی وڵات بە قۆناغێکی مەترسیدار دا دەروات و گفتوگۆکان بە مەبەستی چارەسەرکردن بەردەوام دەکەین.
-PNA"
