عێراقییە: دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیرانى بەتاكڕەوى لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوە دەبرێ
مەیسوون دەمەلۆجی لە بەیاننامەیەكدا كە كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ناردووە، دواى ساڵێك لە پێكهێنانى حكوومەت بەڵام تا ئێستە ئەنجوومەنى وەزیران وەك دەستووری عێراقی بڕیارى لەسەر داوە پێڕەوی ناوەخۆیی نییە، ئەمەش واى كردووە دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكى ئەنجوومەنەكە گردببنەوە، جگە لە بەتاڵ مانەوەى وەزارەتە تەناهییەكان .
دەملۆجی گوتى، دوور لە پابەندبوون بەپرەنسیپی شەراكەت و هاوبەشی و كۆدەنگی، داواكاریی لادانى ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیران بەهۆى ناڕەزایی لەبارەى تاكڕەویى سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە، رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەكرێ.
\"موتڵەگ بەشێكە لە تەبایی عێراقییە و بەئومێدی دابینكردنى بەشێكی بچووكی بنەواى شەراكەتی نیشتیمانى لەو حكوومەتەى ئێستە لەلایەن ئێمەوە پێشنیاز كراوە، باشتر بوو كە داواكاریی گۆڕینی موتڵەگ بۆ تەباییی عێراقییە نێردرابایە، نەك تەنگژەكە قووڵتر بكرێ.
ئێوارەى هەینی رابردوو لیستی عێراقییە /91 كورسی/ لە كۆبوونەوەیەكدا لە ماڵی تاریق هاشمی جێگری سەركۆمارى عێراق بڕیارى پایدۆزكردنى كۆبوونەوەكانى پەرلەمانى عێراقیان دا.
پێشتریش حسێن ئەسەدى سەركردەیەكی تری دەوڵەتى یاسا ئاشكراى كرد كە یاداشتنى گرتن بەتۆمەتى كارى تیرۆریستی لە دژى تاریق هاشمی دەرچووە.
هاوكات 4 رۆژ لەمەوبەر هێزێكی سەر بەفەرماندەى كردەگەلی بەغدا 3 پاسەوانى تایبەتی جێگری سەركۆماری عێراق بەتۆمەتى تێوەگلانیان لە كردەوەى تیرۆریستی گرت كە سەر بەلیستی عێراقییە.
هاوكات سەرچاوەگەلی راگەیاندن ئەمڕۆ ئاماژەیان كرد كە هەریەك لە (تاریق هاشمی، رافیع عیساوى وەزیری دارایی، ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانى عێراق) لە هەرێمی كوردستانن. "
