هۆشیار زێبارى: داهاتووى عێراق زەحمەت دەبێ
زێبارى لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ بەشى كوردى رادیۆى دەنگى ئەمەریكا ئاماژەى بەوە دا، كشانەوەى سوپاى ئەمەریكا لە عێراق لەم كاتەدا، بڕیارى حكوومەتى ئەمەریكا خۆى بووە و پێشتر ئۆباما بەڵێنى كێشانەوەى سوپاكەى دابوو و عێراقیش بەپێى رێكەوتنامەى تەناهیى نێوان هەردوولا بە رێكەوتنەكەوە پابەند بووە.
لە وەڵامى پرسیارێكیشدا ئاخۆ ئەمەریكا بە كشانەوەى عێراقى لەسەر سینییەكى زێڕ پێشكێشى توركیا و ئێران، بەتایبەت ئێران كردووە، وەزیرى دەرەوەى عێراق گوتى \"دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ شتێكى نوێ نییە و بەردەوامیش دەبێ، ئەوە ئەركى حكوومەتى عێراقە و هەموو هێزە سیاسییەكانە هەوڵ بدەن رێگە لە دەستورەدانى ئێران یان هەر وڵاتێكى تر بگرن\"".
لەبارەى ئەو تەنگژە سیاسییەى ئێستە لەنێوان هەردوو لیستى دەوڵەتى یاسا و عێراقییەدا هەیە و رۆڵ و هەڵوێستى كورد لەو بابەتە، زێبارى گوتى \""كورد بەشێكە لە عێراق و مافەكانى لە دەستوورى عێراقدا جێگیر كراوە، كورد دوور نییە لەو رووداوانەى لە بەغدا روو دەدەن\"".
لەبارەى پێشبینیشى بۆ داهاتووى عێراق دواى كشانەوەى ئەمەریكا و گرژبوونى پێوەندییەكانى نێوان هێزە سیاسییەكانى عێراق، گوتى \""داهاتوو زەحمەت دەبێ، بە دڵنیاییەوە میلیشیا و گرووپە چەكدارەكان هەوڵ دەدەن دۆخى تەناهى تێك بدەن، بۆیە گرینگە لایەنە سیاسییەكان پارێزگارى لە پرنسیپى تەوافوقى سیاسی بكەن، كە سیستمى سیاسیی عێراقى لەسەر دامەزراوە، بۆ ئەوەى رێگە لە روودانى كێشەى ناوەخۆیى و تێكچوونى دۆخى وڵات بگیرێ\"".
شەوى پێشتر دواین سەربازى ئەمەریكایى لە عێراق كشایەوە، ئەوەیش لەكاتێكدایە پێوەندییەكانى هەردوو لیستى گەورەى ناو پەرلەمان و حكوومەتى عێراق (دەوڵەتى یاساى نوورى مالیكى و لیستى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى) لە دۆخێكى گرژدایە، بەتایبەت دواى راگەیاندنى هەردوو پارێزگەى سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن زۆرینەى ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگەكانیانەوە، كە لە لیستى عێراقییەن.
پێرێ لیستى عێراقییە بەسەرۆكایەتیى ئەیاد عەلاوى وەك ناڕەزایى بەرامبەر مامەڵەى حكوومەت لە بەهەرێمبوونى هەردوو پارێزگەى سەڵاحەدین و دیالە و شێوەى بەڕێوەچوونى پرۆسەى سیاسی، ئامادەبوونى سەرجەم پەرلەمانتارانى لە دانیشتنەكانى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵپەسارد.
-ئاكانیوز"
