هەردوو جێگرەكەی سەركۆمار و دوو سەركردەی دیاری عێراقییە لە هەرێمی كوردستانن
دوای كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا كە دوێنێ دوایین كاروانی ئەو هێزانە خاكی عێراقییان بەجێ هێشت، ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیران و لیستی عێراقییە بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی قووڵتر بووەوە.
عادل بەرواری راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند: بڕیارە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق كۆبوونەوەیەك لە سلێمانی ئەنجام بدات بۆ هەڵسەنگاندنی دوا پێشهاتەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی عێراق.
هەفتەی رابردوو هێزە تەناهییەكانی عێراق 3 پاسەوانی تاریق هاشمییان بەتۆمەتی \"تیرۆر\"" گرت و دوای ئەوە لیستی عێراقییە ئامادەبوونی ئەندامانی لیستەكەی لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا هەڵپەسارد.
چەند رۆژێكە كورد لە هەوڵی رازیكردنی لیستی عێراقییەدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان، لەلایەكی ترەوە نیگەرانییەك لەناو ناوەندی رۆشنبیری و سیاسیی كوردستاندا هەیە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی كە لە دوای دروستبوونی عێراقی تازەوە لە 2003وە تا ئێستە لەلایەن سەركردەكانی كوردەوە دەدرێ بۆ دروستنەبوونی كێشە لە عێراق و پێیان وایە لە كاتی ئەو تەنگژانەدا دەبێ كورد پاڵەپەستۆ بكا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی.
بەگوێرەی هەواڵەكان ئێوارەی دوێنێ یەكشەم لە باڵەفڕگەی بەغدا رێگری كرا لە بەڕێكەوتنی هەردوو جێگرەكەی سەركۆمار بەرەو شاری سلێمانی، بەڵام دواتر بەهەواڵی تاڵەبانی رێگەیان پێ درا و بەرەو سلێمانی بەڕێ كەوتن."
