عێراقییە پاشگەزنەبوونەوەی خۆی لە بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەی دیالە دووپات دەكاتەوە

عێراقییە پاشگەزنەبوونەوەی خۆی لە بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەی دیالە دووپات دەكاتەوە
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگەی دیالە رای گەیاند، كردەوەگەلی پارێزگەكە داوای لە یەكە تەناهییەكان كردووە ئەو بەربەستانە هەڵگرن كە لەلایەن خۆپێشاندەرانی دژ بەبڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەكە هاتوونەتە دانان، هاوكات پەرلەمانتارێكی سەر بەعێراقییە پاشگەزنەبوونەوەی تەبایییەكەی لە بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەكە دووپات كردەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە لە بەیاننامەیەكدا لە 12ی ئەم مانگەدا رای گەیاند \"بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەی دیالەمان داوە لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراق و پابەندبوون بەدەستوور، دوای ئەوەی زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگە واژوویان كرد\"".

ئەم بڕیارەی پارێزگەی دوای داوایەكی هاوشێوەی پارێزگەی سەڵاحەدین لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری رابردوو دێ.

سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند \""رێگە گشتییەكان بەتەواوی نەهاتوونەتە داخستن، بەڵام بەهۆی مانگرتنی خۆپێشاندەرانەوە لە هەندێ لە رێگە گشتییەكان قەرەباڵغی دروست بووە.

چەند سەرچاوەیەك لە دیالە دووپاتیان كردەوە \""خۆپێشاندەرانی دژ بەهەرێمكردنی پارێزگەی دیالە، كردنەوەی رێگە گشتییەكان رەت دەكەنەوە تا ئەوكاتەی داواكارییان بەپاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەكە دێتە جێبەجێكردن\"".

لە لایەكی ترەوە محەمەد عوسمان خالدی بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی عێراقییە لە لێدوانێكدا بۆ (ئاكانیوز) داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەی لە دەزگە تەناهییەكانی دیالە كرد، بۆ ئەوەی حكوومەتی ناوەخۆ تەنگژەكە بەشێوازێكی یاسایی چارسەر بكا\"" هاوكات دووپاتی كردەوە \""هێزە سیاسییەكانی دیالە لە بڕیاری بەهەرێمكردنی پارێزگەكە پاشگەز نابنەوە\"".

لای خۆیەوە كارگێڕیی پارێزگەی دیالە پێكهێنانی لێژنەیەكی راگەیاند كە چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگە لەخۆ دەگرێ بۆ \""سەرپەرشتیكردنی بەهەرێمكردنی دیالە و تەواوكردنی رێوشوێنەكانی دەستووریی پێوەندار بەو پرسە\"".

هاوكات مونا عەمیری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە لەسەر لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی رای گەیاند \""18 یەكەی كارگێڕی لە پارێزگەكەدا راگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆ لەم دۆخەدا رەت دەكەنەوە، بەهۆی بوونی چەندان فایلێكی ئاڵۆز كە هێشتا یەكلا نەكراونەتەوە و دیارترینیان برێتین لە ناوچە كێشەدارەكان و پرسەكانی كۆچ پێكراوەكان و قوربانییانی تیرۆر\"".

هەر پێوەست بەو پرسەوە گردبوونەوەیەكی هۆزەكان لە هۆڵی نەخۆشخانەی بەتول لە شاری بەعقووبە سەنتەری پارێزگەی دیالە بەئامادەبوونی 400 كەسایەتیی هۆزەكان بەڕێوە چوو، سەرەڕای ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرس و ئەكادیمی و تێیدا گردبوونەوەكە رەتكردنەوەی پڕۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگەكەیان لەو دۆخەدا راگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی دۆخی تەناهی و چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان كە بەهۆی كاری توندتیژی لە پێش ساڵی 2008 دروست بوون.

شاری بەعقووبە سەنتەری پارێزگەی دیالەیە و دەكەوێتە 57 كیلۆمەتریی باكوری رۆهەڵاتی بەغدای پایەتەختی عێراق، رروبەری پارێزگەكە 77 هەزار كیلۆمەترە و لە 5 شارۆكە و 18 شارەدێ پێك دێ، ژمارەی دانیشتوانی ملیۆنێك و 500 هەزار كەسە كە لە هەرسێ نەتەوەی كورد و عەرەب و توركمان پێك دێن، هەروەها دۆخی تەناهیی پارێزگەكە ناجێگیرە."
Top